زوو زوو مەلەكردن لە حەوزی مەلەوانگەكاندا كاریگەری بەرچاوی لەسەر پێست و قژ دەبێت. لەبەر ئەوەی زۆربەی حەوزی مەلەوانگەكان كلۆریان تێدەكرێت، كە توخمێكی گازییە بۆ لەناوبردنی بەكتریا بەكاردێت. كلۆر بە چڕی تەواو Undiluted ماددەیەكی ژەهراوی و سووتێنەرە. كلۆر بەو رێژەیەی كە دەخرێتە ناو ئاوی مەلەوانگەكان هۆكارە بۆ كزانەوە و سووتانەوەی چاو، هەروەها كلۆر هۆكارێكی بەهێزە بۆ وشكبوونی قژ. كە قژ بە ئاوی كلۆركراو تەڕدەبێت، ئەوا قەدی تاڵە قژەكان كلۆر هەڵدەمژن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی چەوری سروشتیی قژ و قڵیشان و مووخۆركە. ئاوی كلۆركراوی حەوزی مەلەوانگەكان هۆكارە بۆ لابردنی چەوریی سروشتی پێست و وشكبوونی پێست، لەگەڵ پەیدابوونی خورشت. كەسانی خاوەن پێستی هەستیار زیاتر دوچاری ئەم گرفتانەی پەیوەست بە ئاوی كلۆركراو دەبنەوە. كلۆر چەند حاڵەت و نەخۆشی پێست سەختتر دەكات وەكو ئەكزیما.پاش مەلەكردن لە ئاوی كلۆركراودا، قژ رەنگی سەوز دەنوێنێت بەتایبەتی لە كەسانی مووزەرد و خاوەن قژی كاڵدا، ئەمەش لەبەر خودی كلۆر نییە، بەڵكو لەبەر كارلێكردنی كلۆر لەگەڵ بۆڕییە كۆپەرییەكان و كانزایەكانی تردا پەیدا دەبێت كە وادەكات بڕی بچووكی كانزای جۆراوجۆر بچێتە ناو ئاوی مەلەوانگەكانەوە، ئەم رەنگەش بەشامپۆی تایبەت زۆر بە ئاسانی پاك دەبێتەوە.