كێشی زیاد چۆن ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات؟

كێشی زیاد چۆن ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات؟
زیادبوونی كێش یان قەڵەوی تەنیا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. لە لێكۆڵینەوەیەكی كۆلێژی ئەمەریكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا هاتووە كە كۆبوونەوەی چەوری لە دەوری ناوچەی سكدا ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension زیاد دەكات. ئەمە روونە كە زیادبوونی كێش و قەڵەوی هۆكارێكی بەهێزە بۆ تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەكرە، بەڵام شوێنی دابەشبوونی یان بڵاوبوونەوەی چەوری زیاد لە لەشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دیكە زیاد دەكات وەكو نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە. دیسان لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە تەنیا كۆبوونەوەی چەوری یان قەڵەوی لە سەنتەری لەشدا Central obesity یان چەوری ناو هەناو و نێوان ئەندامەكانی ناو سك بەتایبەتی كۆبوونەوەی چەور لە لای پشتەوەی بۆشایی سك و لە دەوری گورچیلەكاندا پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەرچەندە كە تائێستا چۆنییەتی یان میكانیزمی تەواو لەپاڵ ئەم پەیوەندییە بە تەواوی نەزانراوە. هەر پێوانەیەك كە لە 120/80 ملم جیوە بەرزتر بێت ئەوا بە پەستانی بەرز هەژمار دەكرێت و پێویست بە دابەزاندنی كێشی لەش و پارێزی خۆراك دەكات، لەوانەشە كە پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانێك یان پتر بكات بۆ كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن بەتایبەتی كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن باوترین و بەهێزترین هۆكارە بۆ تووشبوون بە جەلتەی مێشك و ئاوسانی لای چەپی دڵ.
Top