مەترسی ئیشی ئۆفیس بۆ تەندروستی

مەترسی ئیشی ئۆفیس بۆ تەندروستی
هەموو سەرچاوە پزیشكییەكان جەخت لەم گۆتەیە دەكەنەوە كە دەڵێت "زیاد دانیشتن هۆكارە بۆ مردن". دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی كە ئەمەش بە دەوری خۆی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و چەندین نەخۆشی دیكە زیاد دەكات وەكو نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەلتە، شێرپەنجە، بەردی زراو، سەوەفانی جومگە. لە ساڵانی پەنجایەكاندا لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان لە لەندەن گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی دڵ لە شوفێرەكانی ئۆتۆبوس 2 هێندە پتر بوو لە خەڵكی ئاسایی لەبەر كەمی جوولە. بە پێی ئەنجامی زۆربەی لێكۆڵیینەوەكان جگە لە ئێشی ئۆفیس، دانیشتن یان پاڵكەوتن بۆ ماوەیەكی زۆر بەرانبەر بە شاشەی تەلەڤزیۆن، كۆمپیوتەر، یان بۆ هەر مەبەستێكی تر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە تا 112% بەرزدەكاتەوە، هەروەها تووشبوون بە نەخۆشی دڵ تا 147% و ئەگەری مردن تا 49%بەرزدەكاتەوە. بێگومان لەگەڵ زیاد دانیشتندا فاكتەری وەكو تەمەن، جگەرەكێشان، جۆری خۆراك، خواردنەوەی ئەلكهول، بوونی نەخۆشی تر، رۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە. ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی هەوایی Aerobic exercise مامناوەندی یان توند بۆ ماوەی بەلای كەم 150 خولەك لە هەفتەیەكدا، لەگەڵ كەمكردنەوەی كاتەكانی دانیشتن گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی. لەكاتی ناچاربوون بە دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەوا زۆر پێویستە كە ناوە ناوە هەڵسیتەوە و جولەیەك ئەنجام بدەیت.
Top