خوێ لە خۆراكی منداڵەكەتدا كەم كەرەوە

خوێ لە خۆراكی منداڵەكەتدا كەم كەرەوە
بەم دواییە چەند حاڵەتێكی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە تەمەنێكی بچووكدا تۆماركراوە كە تا رادەیەكی زۆر پەیوەندییان بە خۆراك و قەڵەوییەوە هەبووە. پەیوەندی نێوان بڕی خوێ لە خۆراك و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن پەیوەندییەكی چەسپاوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەلتەی مێشك پەیدا دەكات. وا باشە كە بڕی خوێ لە خۆراكی رۆژانەی منداڵاندا بۆ نیو ئەوەندە كەم بكرێتەوە لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن وەكو ترشیات، خۆراكی خێرا، جیبس، كیتچەپ، گۆشتی قوتووبەند. وا باشترە كە بڕی خوێی رۆژانە بۆ منداڵانی تەمەن 1- 6 ساڵ لە 2 گرام (كە دەكاتە نزیكەی سێیەكی كەوچكێكی زەلاتە)، هەروەها بۆ منداڵانی تەمەن 7- 14 لە 5 گرام كەمتر بێت. خوێ ((Salt كە بریتیە ( سۆدیۆم كلۆراید NaCl) مادەیەكی گرنگە لە خۆراكدا چونكە چێژ بە خۆراك دەبەخشێ، لەشی مرۆڤ سۆدیۆم بەكاردەهێنێ بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن و رێكخستنی قەبارەی خوێن، هەروەها سۆدیۆم گرنگە بۆ فرمانەكانی ماسوڵكە و دەمارەكان. بە گشتی زیاد خواردنی خوێ واتە پەستانێكی خوێنی بەرزتر. نزیكەی هەموومان خوێ زیاد لە خۆراكماندا دەخۆین، زیاتر لەوەی كە رۆژانە پێویستمانە . كەمكردنەوەی بڕی رۆژانەی خوێ ڕێنمایی دەكرێ بۆ دابەزاندنی ریسكی تووشبوون بە پەستانی بەرزی خوێن . ئەمەش ئاشكرایە كە هێشتنەوەی پەستانی خوێن لە ئاستی ئاسایی خۆیدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و پەككەوتنی دڵ و جەڵتەی مێشك و نەخۆشی گورچیلە كەم دەكاتەوە . خۆراكی كەم خوێ هەڵبژێرە ، خۆراك بە خوێی كەم ئامادە بكە، لە هەمان كاتدا ئەم خۆراكانە زیاد بخۆ كە زۆر پۆتاسیۆمیان تێدایە وەكو سەوزە و میوە.
Top