چارەسەركردن بە كارەبا (چارەسەری كارەبایی)

چارەسەركردن بە كارەبا (چارەسەری كارەبایی)
چارەسەركردن بە كارەبا Electrotherapy یان چارەسەری كارەبایی بریتییە لە بەكارهێنانی وزەی كارەبا وەكو چارەسەرێكی پزیشكی. چارەسەری كارەبایی لەسەر ئەو بنچینەیە وەستاوە كە هەر خانەیەكی لەش لە پەردەكەیدا دەتوانێت كە وەكو بازنەیەكی كارەبایی كاربكات. ئەو خانە و شانانەی كە بەرگری زۆر بەرانبەر بە كارەبا دەنوێنن بریتین لە: ئێسك، پێست و شانە چەورییەكان. تەزووێكی كارەبای 100 ڤۆڵتی بۆ سەر پێست دەبێتە ئەگەری سووربوونەوە كە پێی دەووترێت (سووربوونەوەی گەلڤانی). تەزووی كارەبا دەبێتە هۆی گۆڕانی كیمیایی لە خانەدا لەگەڵ دەردانی ماددەی هیستامین و فراوانبوونەوەی موولوولەكانی خوێن، هەروەها دەبێتە هۆی زیاد گرژبوونەوەی ماسوڵكە و هاندانی ئەوەی كە پێی دەڵێن (پەمپی ماسوڵكە Muscle pump) بەمەشەوە ماسوڵكە بەهێزتر دەبێ و ئاستی ماندووبوونی ماسوڵكە كەمتر دەبێتەوە. زاناكان سەلماندوویانە كە هەر خانەیەكی لەش بە بارگەیەكی كارەبایی باركراوە، بۆ نموونە خڕۆكە سوور و سپیەكانی خوێن و پڕۆتینەكانی خوێن بە بارگەی نێگەتیڤ (سالب) باركراون، كەچی شلەی خوێن بە بارگەی پۆزەتیڤ(موجەب) باركراوە. لە پزیشكیدا بەكارهێنانی كارەبا سوودی لێوەردەگیرێت بۆ ئەم حاڵەتانە: هاندانی چاكبوونەوەی برینەكان بە رێگای راستكردنەوەی ناهاوسەنگی ئایۆنی كە لەبەر برینداربوون لە پەردەی خانەدا روودەدات، كەمكردنەوەی ئاوسانی لەش لە رێگای هاندانی پەمپی ماسوڵكە، چارەسەری سروشتی لە حاڵەتەكانی ئیفلیجیدا، تاودانی كرداری یەكگرتنەوەی ئێسك لەپاش شكاندا. لەكاتی برینداربووندا، لەناو بریندا هاوسەنگی ئایۆنی لە پەردەی خانەدا دەشێوێت، تەزووی كارەبا ئەم هاوسەنگییە ڕاست دەكاتەوە و نایەڵێت كە بەكتریا لەناو بریندا گەشەبكات، بەمەوە كرداری دروستبوونی كۆلاجین و پڕۆتین خێراتر دەبێت كە پێویستە بۆ چاكبوونەوەی برین. تەزووی كارەبا لە ڕێگای چاڵاككردنەوەی پەمپی ماسوڵكەوە ئاوسانی لەش كەم دەكاتەوە كە لە گەلێك نەخۆشیدا بەدی دەكرێت. كارەبا وەكو چارەسەریی سروشتی بەكاردێت بۆ چاڵاككردنەوەی ماسوڵكە ئیفلیجبووەكان لەكاتی نیوە ئیفلیجیدا كە پاش چوار هەفتە چارەسەر كردن بە كارەبا ئەنجامی باشی دەبێت. هەرەوها چارەسەر بە كارەبا لە بواری شكانی ئێسكیشدا بۆ تاودانی كرداری بەیەكەوە لكانی ئێسكی شكاو سوودی لێوەردەگیرێت. ماوە بڵێین كە نابێ چارەسەری كارەبایی بۆ ئەم حاڵەت و نەخۆشیانەی خوارەوە ئەنجام بدرێت: دووگیانی، نەخۆشی فی (پەركەم)، لەكاركەوتنی دڵ، هەروەها نابێ هەرگیز كارەبا بۆ ناوچەی مل و نزیك دڵ بەكاربهێنرێت.
Top