ئەگەر لەبری گۆشت پاقلەمەنییەكان بخۆین چی روودەدات؟
توێژینەوەیەكی سكوڵی پزیشكی زانكۆی هارڤەردی ئەمریكایی دەڵێ ئەوانەی پرۆتینە ئاژەڵییەكان زۆر دەخۆن ئەگەری مردنیان زۆرترە.
تیمە پزیشكییەكە سوودیان لە زانیاریی پزیشكیی 85 هەزار خانم و 46 هەزار پیاو وەرگرتووە لەماوەی 30-36 ساڵدا كە لە چینە جیاجیاكانی كۆمەڵگە. لە درێژایی ئەو ماوەیەدا 36 هەزار كەس لە بەشداربووان مردوون: 13 هەزاریان بە شێرپەنجە، 8 هەزار بە نەخۆشییەكانی دڵ و ئەوانی دیكەش بە نەخۆشی جۆراوجۆری دیكە.
دوای بەرارودكردنی هۆكارەكانی مردن و نەریتی خۆراكیی بەشداربووان، دەركەوت ئەوانەی پرۆتینی ئاژەڵی زۆرتر دەخۆن، ئەگەری مردنیان زۆرترە. بەڵام ئەوانەی قەڵەو بوون و ئەوانەی كحولیان دەخواردەوە، ئەگەری مردنیان زۆر زیاتری كردووە.
توێژەرەكان بۆیان دەركەوت ئەوانەی پرۆتینی ئاژەڵی 10%ی تێكڕای وزەی خۆراكییان پێكدێنێ ئەگەری مردنیان بە راددەی 2% زیاددەكات. خۆ ئەگەر كەسەكە نەخۆشی دڵ و بۆڕییەكانی خوێنی هەبێ و ئەو راددەیە لە گۆشت بخوات، ئەوە ئەگەری مردنی بە راددەی 8% زیاددەكات.
لە بەرامبەردا ئەوانەی پرۆتینە رووەكییەكان 3% و زیاتری وزەی خۆراكییان پێكدێنێ، ئەگەری مردنیان بە راددەی 10% كەمدەكات.
توێژینەوەكە ئەوە دەردەخات كە ئەگەر لە ژەمەكانمان جێگەی پرۆتینی ئاژەڵی بە پرۆتینی رووەكی بگرینەوە، ئەوە تەمەنێكی درێژترمان دەبێ.
هەر 100 گرام پاقلەمەنی، بڕی 9 گرام پرۆتینی تێدایە و 25%ی لە كاربۆهێدرات پێكهاتووە، ئەوە جگە لە بڕێكی زۆر بەرز لە كانزا و بەشێك لە ڤیتامینەكان.
رووداو