ئەمە بە تەواوی نەزانراوە كە چۆن سترێس و پەستی پەیوەندییان بە گرژبوونی كۆڵۆنەوە Irritable bowel syndrome هەیە، یان كامیان هۆكارە بۆ ئەوی تر، بەڵام زۆربەی لێكۆڵینەوەكان باس لەوە دەكەن كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا گرژبوونی كۆڵۆن و سترێس بەیەكەوە هەڵدەكەن. ئەمەش روونكراوەتەوە كە تا رێژەی 60%ی حاڵەتەكانی گرژبوونی كۆڵۆن گرفتی پەستی گشتییان هەیە، هەروەها 20%ی حاڵەتەكان خەمۆكییان هەیە، بەشێكی تری حاڵەتەكانیش گرفتی دەروونی تریان هەیە، بەهەرحاڵ ئەمەی سەلمێنراوە ئەوەیە كە سووككردنی سترێس هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ كۆنترۆلكردنی نیشانەكانی گرژبوونی كۆڵۆن.ئەگەرچی گرفتە دەروونییەكانی وەكو پەستی هۆكار نین بۆ تووشبوون بە گرژبوونی كۆڵۆن، بەڵام كەسانی تووشبوو بە گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا بە گرژبوونی كۆڵۆنیشەوە زۆر هەستییارن بەرانبەر بە گرفتە دروونییەكان. لە لایەكی ترەوە، لەوانەیە كە گرفت لە سستمی بەرگری لەشدا وروژێنەر بێت بۆ گرژبوونی كۆڵۆن، ئەمەش روونە كە سترێس كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر سستمی بەرگری لەش. بەگشتی كەسانی تووشبوو بە پەستی هەتا ئەگەر دوچاری گرژبوونی كۆڵۆنیش نەبووبن، بەردەوام هەست بە نیگەرانی دەكەن سەبارەت بە تەندروستی خۆیان و گەلێك بواری تری ژیان وەكو پیشە و باری دارایی، بۆیە زیاد رووبەڕووی گرفتی جەستەیی دەبنەوە بە شێوەی ناڕحەتی گەدە، ئازار و گرژبوونی ماسوڵكە، خەوزڕان، سەرسووڕان، هەستكردن بە نارەحەتی.