ئایا دەكرێ بە یەكجاری واز لە شەكر بهێنرێت؟

ئایا دەكرێ بە یەكجاری واز لە شەكر بهێنرێت؟
پێدەچێت شەكر ناوبانگێكی خراپی لە نێوەندە تەندروستییەكاندا پەیداكردبێت بەتایبەتی كە پەیوەندی هەیە بە زووپیربوون، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، زیادبوونی كێش و قەڵەوی، شێرپەنجە. لەبەر ئەمەیە كە پسپۆرانی تەندروستی كەمكردنەوەی شەكر لە خۆراكی رۆژانەدا رێنمایی دەكەن، هەندێكیشیان پێیان باشترە كە شەكر بە یەكجاری لە خۆراكدا نەهێڵرێت، ئایا شەكر هێندە زیانبەخشە بۆ تەندروستی، ئایا دەكرێ بە یەكجاری دەستبەرداری بین؟ شەكر كاربۆهیدراتێكی كریستالییە، چەند جۆرێكی هەیە، زۆر جار بە ژەهری سپی و دوژمنی دڵ ناوزەد دەكرێت. زیاد خواردنی شەكر پتر لە خوێ ئەگەری زیادبوونی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات، لەگەڵ زیادبوونی ریسكی مردن لەبەر نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها زیادبوونی ئەگەری قەڵەوی كە ئەمەش بە دەوری خۆی رێگا بۆ چەندین ئاڵۆزی تەندروستی دیكە دەكاتەوە وەكو نەخۆشی شەكرە، دڵ،جەلتە، شێرپەنجە. نەهێشتنی هەموو جۆرەكانی شەكر بە تەواوی لە خۆراكی رۆژانەدا هەرگیز كارێكی ئاسان نییە، بۆ نموونە میوە، سەوزەكان، شیر و بەرهەمەكانی، هێلكە، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی، ئەمانە هەموویان شەكر لەخۆدەگرن، بەڵام واباشترە كە شەكری سپی لە قاوە و چای كەم بكەیتەوە، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خواردنەوە شیرینكراوەكان و خواردنەوە گازدارەكان و وزەبەخشەكان Energy drinks كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن، بۆ نموونە قوتووێك كۆلا نزیكەی 7 كەوچكی كوپ شەكر لەخۆدەگرێت، هەروەها هەموو جۆرەكانی شیرینی. بە پێی رێنمایی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO واباشە كە شەكری سپی لە 5-10%ی خۆراكی رۆژانە زیاتر نەبێت.
Top