خاڵ خاڵبوونی پێستی دەموچاو

خاڵ خاڵبوونی پێستی دەموچاو
خاڵ خاڵبوونی پێستی دەموچاو Freckles بریتییە لە پنتی قاوەیی كاڵ لە پێستدا كە بە بەركەوتن بە تیشكی خۆر تاریكتر و بەرجەستەتر دەبن. ئایا بەركەوتن بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر و لەكاتی نەگونجاودا بێ خۆپاراستن بە هۆكاری سەرەكی ئەم گرفتەی پێست هەژمار دەكرێت؟ یان بوونی مەیلی خێزانی (بۆماوە) یان جینەكان كە لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵەكان دەگوازرێنەوە هۆكاری سەرەكییە، واتە ئەو جینەی كە بەرپرسە لە دابەشبوونی بۆیەی پێست یان میلانین. بە بوونی جینی تایبەت، پاش بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆر ئینجا خاڵەكان دەردەكەون بەتایبەتی لە تەمەنی 7-8 ساڵیدا، كەواتە جینەكان هۆكاری سەرەكین نەك بەركەوتن بە تیشكی خۆر، ئەگینا زۆربەی هەرە زۆری منداڵان لەم تەمەنەدا بۆ ماوەی زۆر دەچنە بەر تیشكی خۆر، بۆچی تەنیا لە هەندێكیاندا خاڵ خاڵبوونی پێست دەردەكەوێت؟. كەسانی پێست سپی كە دوچاری خاڵ خاڵبوون دەبنەوە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست لێدەكرێت، لێرەدا هۆكاری سەرەكیی گرفتی دووەم تیشكی سەرووی وەنەوشەییە كە تووشبوو دەتوانێت تا رادەیەكی باش خۆی لێ بپارێزێت بە بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی گونجاوی دژەهەتاو كە فاكتەری پاراستنی لە تیشكی خۆر SPF كەمتر نەبێت لە 30. گەلێك جار خاڵ خاڵبوونی پێست و پنتەكانی هەتاو Sunspots لەسەر پێستدا بە ئاسانی لە یەكتری جیاناكرێنەوە، بەڵام بەگشتی پنتەكانی هەتاو تاریكترن لە خاڵ خاڵبوونی پێست. خاڵ خاڵبوونی پێست وەكو پەڵەی پێست و پنتەكانی هەتاو بە كرێمی كاڵكەرەوەی پێست لەژێر چاودێری دكتۆردا چارەسەردەكرێت.
Top