گەرمی دوژمنی سەرەكيی قژە، هۆكارە بۆ تێكدانی رەگ و قەدی قژ، هۆكارە بۆ بێهێزبوونی قژ، بۆیە ئەگەر گەرمی وشككەرەوەی قژ Hair dryer یان سیشوار رێكنەخرێت ئەوا لەوانەیە كە پلەی گەرمی وشككەرەوە لە پلەی كوڵانی ئاو تێپەڕ بكات، ئەمەش زیانی گەورە بە قژ دەگەیەنێت بەتایبەتی لەكاتی نەمانی شێ لە قژدا. گەرمی وشككەرەوە كاریگەری دەكاتە سەر پێكهاتەكانی قژ و سیفەتەكانی تێكدەدات. ئوتووی قژ وەكو وشككەرەوەی قژ ئەگەر گەرمییەكەی كەم نەكرێتەوە زیان بە قژ دەگەیەنێت. شكان یان پچڕان،هەروەها مووخۆركە(ساچقڕان) گرفتی ترن كە لە ئەنجامی زیاد وشكبوونی قژ بە گەرمی روودەدەن. قژی ئەستوور یان لوول بۆ وشككردنەوە و ستایلكردن پێوستی بە پلەی گەرمی بەرز هەیە واتە وزەی بەرزی وشككەرەوەی قژ كە لەوانەیە بگاتە 1800 وات چونكە بەرگەی پلەی گەرمی دەگرێت، كەچی قژی باریك پێویستی بە پلەی گەرمی نزمتر هەیە واتە وزەی كەمتری وشككەرەوەی قژ، بۆ نموونە 1300 وات. بەپێی توانا هەوڵ بدە كە بە پلەی گەرمی نزم قژت وشك كەیتەوە ئەگەرچی كاتێكی زۆرتری دەوێ، بەڵام مەسەلەكە تەنیا بۆ پاراستنی قژە. ئەوەندەی بكرێ هەوڵ بدە كە قژت بۆخۆی وشك بێتەوە چونكە قژی تەڕ لە لاوازترین حاڵەتیدایە و زوو تێكدەشكێت و بە فشارێكی كەم لەوانەیە كە هەڵبوەرێت، ئەگینا دەتوانیت كە بەر لە وشككردنەوە بە سیشوار، تاڵە قژەكان بەچەند دڵۆپێك جێل یان زەیتی قژ چەور بكەیت ئینجا وشككەرەوە بەكاربێنیت بۆ رێگرتن لە زیانەكانی گەرمی و وشكبوون و تێكشكانی قژ.