ڤایرۆسی گەدە Stomach virus یان ئەنفلوەنزای گەدە Stomach flu تووشی كۆئەندامی هەرس دەبێت، كەچی ئەنفلوەنزای ئاسایی دوچاری كۆئەندامی هەناسە دەبێت. ڤایرۆسی گەدە زۆر بە خێرایی لە كەسانی تووشبوو بۆ كەسانی تر دەگوازرێتەوە. تووشبوو لەكاتی سەرهەڵدانی نیشانەكانەوە تا چەند رۆژێك پاش چاكبوونەوەش هێشتا ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی تر دەگوازێتەوە بە رێگای خۆراك، یان شلەمەنی ئالوودەبوو بە ڤایرۆسی گەدە، هەروەها بە رێگای ماچكردن. نیشانەكانی هەوكردنی گەدە بە ڤایرۆس لەوانەیە كە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بن و بریتین لە: سكچوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج یان رشانەوە، ئازاری گەدە، ئازاری ماسوڵكە، بێهێزی گشتی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش یان تایەكی سووك، سەرئێشە، سەرسووڕان. ئەنفلوەنزای گەدەبە دەستنیشانكردنی رۆتاڤایرۆس Rotavirusیان نۆرۆڤایرۆس Norovirusكە هۆكاری سەرەكین بۆ ئەم نەخۆشییە بە پشكنینی پیسایی تایبەتدەستنیشان دەكرێت. بەگشتی ڤایرۆسی گەدە لە ماوەی 24-48 كاتژمێردا لەخۆیەوە نامێنێت، بۆیە بۆ چارەسەركردن تەنیا پێویست بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێكی سادە لە ماڵەوە دەكات وەكو: خۆراكی سووك و شل، زوو زوو خواردنەوەی ئاوی سارد، دووركەوتنەوە لە شلەمەنییە شیرینكراوەكان و گازدارەكان، وا باشترە كە تا كاتی چاكبوونەوە تووشبوو دووركەوێتەوە لە كافائین، ئەلبان، ئەلكهول، شەكر، چەوری.