پرۆتین Proteins بناغەی بینای لەش و ژیانە، زۆر پێویستە بۆ گەشە و نوێبوونەوەی خانە و شانەكان. هەموو پرۆتینەكان پێكهاتوون لە یەكگرتنی جیا جیای بیست ئاوێتە كە بە ترشە ئەمینییەكان Amino acids ناسراون كە یەكەی بنچینەیی هەموو جۆرە پرۆتینەكانن. بە گوێرەی ئەوەی كە كام لە ترشە ئەمینییانە بەشدارن لە جۆرێكی پرۆتیندا، مۆلیكیولی ئەم پرۆتینە دەبێتە ئەنزیم یان هۆرمۆن یان ماسوڵكە یان هەر شانە و ئەندامێكی تری لەش. پێویستی ئافرەت بە پرۆتین زیاد دەبێت لەكاتی دووگیانی و لەكاتی شیردانی سروشتیدا، هەروەها لە ئافرەتە وەرزشوانەكاندا كە جگە لە پێشبڕكێكان رۆژانە مەشقی وەرزشی ئەنجام دەدەن. پرۆتین لە خۆراكی ئاژەڵی و رووكییەوە سەرچاوەدەگرێت، بۆ نموونە: گۆشت، پەڵەوڕ، ماسی، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی، پاقلەمەنییەكان، تۆوەكان، بەرهەمەكانی سۆیا، دانەوێڵە. ئافرەتێكی ئاسایی بە تێكڕایی رۆژانە نزیكەی 45 گرام پرۆتینی پێویستە، بۆ ئافرەتی ئاسایی بڕی زیادی پرۆتین لە خۆراكی رۆژانەدا باش نییە.