خزینی دیسك لـە بڕبڕەكانی پشتدا

خزینی دیسك لـە بڕبڕەكانی پشتدا
ستوونی پشت لە 26 بڕبڕە پێكهاتووە، لە نێوان بڕبڕەكاندا دیسكی بەهێز هەیە كە بەرگەی گەلێك فشار و جوولە دەگرێت، بۆ نموونە فشار دەكەوێتە سەر بڕبڕەكانی پشت لەكاتی رۆیشتن، پازدان، سووڕان، هەڵگرتنی تەنێك و...تاد. دیسكەكان وەكو گوشن كاردەكەن و زۆربەی هێدمە و فشارەكان هەڵدەمژن لەكاتی زۆربەی چاڵاكی رۆژانە و مەشقی وەرزشیدا. خزینی دیسك Herniated Disc زیاترلە بڕبڕەكانی خوارەوەی پشتدا روودەدات، هەروەها زیاتر لە پیاوان لە تەمەنی نێوان 35-45 ساڵیدا بەدی دەكرێت لەبەر ئەوەی كە رێژەی ئاو لەناو دیسكەكاندا كەم دەبێتەوە. هۆكاری تووشبوون بریتییە لە هەڵگرتنی تەنی قورس لەكاتی چەماندنەوە یان سووڕاندنی ستوونی پشتدا، كێشی زیاد و قەڵەوی لەگەڵ زیاد دانیشتن و كەمی جوولە تەنیا هۆكاری هاندەرن. ئازار باوترین نیشانەی خزینی دیسكە، بەڵام شێوە و توندی ئازارەكە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازی هەیە، بۆ نموونە، ئازار و سڕبوون لە یەك لای لەشدا، ئازارەكە لەكاتی شەودا توندتر دەبێت، ئازار لەكاتی رۆیشتندا، ئازار لەكاتی دانیشتن یان وەستان بۆ ماوەیەكی كورت زیاتر دەبێت، لەوانەیە كە ئازار بۆ قاچەكان بڵاوبێتەوە، لەوانەیە كە لاوازبوونی ماسوولكە هاوكات لەگەڵ ئازاردا بەدی بكرێت، هەستكردن بە تەزین لە خوارەوەی پشت واتە لە شوێنی خزینی دیسكدا،ئەگەر دیسكی خزیو فشار بخاتە سەر لقە دەمارەكانی پەتكەدەمار، ئەوا دەبێتە هۆی توندتربوونی ئازار و سڕبوون.
Top