زیپكەی گەنجێتی Acne vulgaris هەوكردنێكی درێژخایەنی گلاندە چەورەكانی پێستە.بەگشتی جینەكان(بۆماوە)، هۆرمۆنەكان، دەوروبەر، خۆراك، سترێس، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری، هەستەوەری، ئەمانە هەموویان كاریگەری زۆریان لەسەر تەندروستیی و نەخۆشییەكانی پێستدا هەیە كە زیپكەی گەنجێتیش دەگرێتەوە. نووستن زۆر پێویستە بۆ نوێبوونەوەی توانا و چاڵاكییەكانی لەش، ئەگەر كاتێكی باش بۆ نووستن و پشوودانی لەش تەرخان نەكرێت ئەوا توانای رزگاربوونی لەش لە ماددە زیانبەخشەكان كەم دەبێتەوە، هەروەها توانای نوێبوونەوەی خانەكانی پێستیش كەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گیرانی كونەكانی یان دەمی گلاندە چەورییەكانی پێست، بەمەشەوە ئەگەری روودانی هەوكردن و سەرهەڵدانی زیپكە زیاتر دەبێت، لە تووشبووان بە زیپكەی گەنجێتیشدا بارەكە ئاڵۆزتر دەبێت و لەوانەیە كە زیپكەكان گەورەتربن و هەوكردن تیایاندا زیاتر بێت.لە لایەكی ترەوە، ئەمە سەلمێنراوە كە كەم نووستن هۆكارە بۆ لاوازبوونی سستمی بەرگری لەش، ئەمەش هاندەرە بۆ سەرهەڵدانی زیپكە و دواكەوتنی چاكبوونەوەی زیپكە هەتا لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی كاریگەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیپكەی گەنجێتی. بە كورتی، ئەگەر شەوانە كاتێكی باش بۆ نووستن تەرخان نەكەیت، ئەوا چانس نادەیتە لەشت كە خۆی نوێبكاتەوە و لە ماددە زیانبەخشەكان رزگاری بێت، بۆیە ئاستی هەوكردن لە لەشدا بەرزدەبێتەوە و زیپكەكان دژوارتر دەبن و كاتی چاكبوونەوەشیان دوادەكەوێت.