چەند رێنماییەكی گرنگ سەبارەت بـــــــە مەشقی وەرزشی لە نەخۆشانی شەكرەدا

چەند رێنماییەكی گرنگ سەبارەت بـــــــە  مەشقی وەرزشی لە نەخۆشانی شەكرەدا
پێوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان مەشقی وەرزشی و نەخۆشی شەكرەدا، مەشقی وەرزشی هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە و كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، بۆیە گەلێك جار نەخۆشانی شەكرە دەتوانن بەبێ وەرگرتنی دەرمان تەنیا بە مەشقی وەرزشی كۆنتڕۆڵی شەكرەیان بكەن. بەگشتی مەشقی وەرزشی ئاستی شەكری خوێن لە تووشبووان و تووش نەبووان بە نەخۆشی شەكرە دادەبەزێنێت. مەشقی وەرزشی جگە لەوەی كە نوانای جەستەیی باشتر دەكات، ئەگەری ئاڵۆزییەكانی شەكرەش كەم دەكاتەوە وەكو نەخۆشی دڵ و هەوكردنی دەمارەكان Neuropathy. پێویستە لەسەر نەخۆشانی شەكرە كە پێش دەستپێكی مەشقی وەرزشی ئاستی شەكری خوێنیان پێوانە بكەن و پەیڕەوی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بكەن:ئەگەر ئاستی شەكری خوێن لە 100 ملگم لە دێسیلیترێـكی خوێندا كەمتر بوو، پێویستە ئەمە بزانن كە ئەم ئاستە نزمە و بۆ وەرزشكردن گونجاو نییە.ئەگەر ئاستی شەكری خوێن لە نێوان 100 تا 250 ملگم لە دێسیلیترێكی خوێندا بوو، ئەمە باشترین ئاستی شەكرە بۆ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی. ئەگەر ئاستی شەكری خوێن لە 250 ملگم لە دێسیلیترێكی خوێندا بەرزتر بوو، ئەوا پێویستە كە مەشقی وەرزشی دوابخرێت تا كاتی دڵنیابوون لە نەبوونی ماددە كیتۆنییەكان Ketone Bodies لە میزدا كە بە پشكنینی تاقیگا دەزانرێت، ئەگەر ئەم ماددانە لە میزدا هەبوون و مەشقی وەرزشی ئەنجام بدرێت ئەوا نەخۆش دووچاری ئاڵۆزی مەترسیداری نەخۆشی شەكرە دەبێتەوە.ئەگەر ئاستی شەكری خوێن لە300 ملگم/دێسیلیتر بەرزتر بوو، ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەك مەشقی وەرزشی ئەنجام بدرێت.
Top