ڤیتامین C لە ئاودا دەتوێتەوە، واتە لە لەشدا خەزن ناكرێت، بۆیە پێویستە كە رۆژانە بڕی پێویست بۆ لەش دابین بكرێت. ڤیتامین C گەلێك سوودی بۆ لەش هەیە، یەكێكیان بریتییە لە خۆپارستن لە تەنكبوونی قژ و چارەسەركردنی. باشترین رێگا بۆ دابینكردنی ڤیتامین C خۆراكی دەوڵەمەندە بەم ڤتیتامینە كە رۆڵی هەیە لە دروستبوون و چاكبوونەوەی شانەكاندا، هەروەها لە چاكبوونەوەی برین و یارمەتیدانی دروستبوونی ئێسك و دداندا. ڤیتامین C رۆڵی هەیە لە دروستبوونی كۆلاجیندا Collagen كە پرۆتینێكی گرنگە و بەشدارە لە دروستبوونی شانەكانی پێست، ئێسك، بەستەرەكان، بۆڕییەكانی خوێن، ماسوڵكە، لەگەڵ شانەی ئاسەوارەكانی پێست. ڤیتامین C بە هەمان ئەندازەی ڤیتامین E و كانزای زینك سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە. دژەئۆكسانەكان بەرپرسن لە كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان Free radicals. ئەم ماددانە پەیدادەبن كە لەش خۆراك دەگۆڕێت بۆ وزە، لەوانەیە كە ئەم ماددانە زیان بە قژ بگەیەنن و لاوازیان بكەن. گرنگی ڤیتامین C بۆ پاراستنی تەندروستیی قژ لێرەدایە كە قژ لە زیانی ئەم ماددانە دەپارێزێت. كەمی ڤیتامین C لە خۆراكدا هۆكارە بۆ وشكبوون و شكان و قڵیشانی تاڵەقژەكان، ئەمەش رێگا بۆ هەڵورین و تەنكبوونی قژ خۆش دەكات. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین C بریتین لە: قەرنابیت، مانگۆ، فەراولە، بیبەری شیرین، سپێناغ، تەماتە، كولەكەی زستانە، ئەناناس، میوە مزرەكانی وەكو پرتەقال، لیمۆ، كیوی. پێویستی رۆژانە بۆ كەسانی پێگەیشتوو90 ملگم بۆ پیاو و 75 ملگم بۆ ئافرەت دانراوە. كەسانی جگەرەكێش و ئافرەت لەكاتی دووگیانی و شیردانی سروشتیدا پێویستییان بە بڕی زیاتری رۆژانەی ڤیتامین C هەیە.