لە سلێمانی بڕوانامەی تەندروستی لەسەر كارمەندانی چێشتخانەكان دەكرێتە مەرج
خۆراك سەرچاوەی ژیان و مردن
هەرچەندە خۆراك سەرچاوەی وزەی جەستە و بەردەوامیی ژیانی مرۆڤە، بەڵام بەپێچەوانەشەوە، خۆراك بەشێوەی كورتخایەن و درێژخایەن كار لە تەندروستیی مرۆڤ دەكات، ئەگەر ستانداردە زانستییەكان رەچاو نەكرێن لە بەرهەمهێنان و ئامادەكردنی خۆراكدا.
دكتۆر زانا ئەحمەد، پزیشكی هەناو و شارەزا لە سەلامەتیی خۆراك بە (رووداو)ی گوت "پیسبوونی خۆراك بە میكرۆبە جیاوازەكان كاریگەریی خێرا و هەنووكەیی دروست دەكات، وەكوو سكچوون و گرانەتا و تای ماڵتا و هاوشێوەكانی. پیسبوونی درێژخایەنیش لە ئەنجامی پیسبوون بە ماددە كیمیاییەكان دەبێت و لەوانەیە لە ئایندەدا كەسەكە تووشی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی دەمار بكات".
نێوەندی كۆنترۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان لە ئەمریكا دەڵێ تاوەكو ئێستا زیاتر لە 250 جۆر نەخۆشی دەستنیشان كراون كە لەڕێی خۆراكەوە دەگوازرێنەوە. لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا ساڵانە 48 ملیۆن كەس بەهۆی خۆراكی نەشیاوەوە نەخۆش دەكەون كە 128 هەزار كەسیان پێویست دەكات لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن و 3000 كەسیان بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە دەمرن.
د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ هەرێمی كوردستان ئامارێكی وردی نییە بەنێوی قوربانیانی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی خۆراكەوە دەگوازرێنەوە.
خواردنی رێستورانتەكان
شارەزایەكی خۆراك دەڵێ ئەوانەی لە چێشتخانە و رێستۆرانتەكانی كوردستان كاردەكەن، هۆشیارییەكی ئەوتۆیان نییە سەبارەت بە ستانداردەكانی پاراستنی خاوێنیی خۆراك.
لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك لە سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەموو كەسێك بۆ ئەوەی لە ئامادەكردنی خۆراكی شوێنە گشتییەكان كاربكات، دەبێ كۆرسێكی هۆشیاری دەربارەی سەلامەتیی خۆراك بۆماوەی یەك یان دوو هەفتە بخوێنێ، بەڵام لە كوردستان تاوەكو ئێستا مەرجی لەمجۆرە نەبووە، بۆیە سەیر نییە كارمەندانی چێشتخانە و رێستۆرانتەكانمان هۆشیارییان نەبێ سەبارەت بە بنەماكانی خاوێنی تاكەكەسی و سەلامەتیی خۆراك و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆراك و ئەوانەی خواردن دەخۆن".
لەشكر حەمید كە سەرۆكی لیژنەی تەندروستیی خۆراكە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت بنەماكانی هۆشیاریی تەندروستیی كارمەندان دەكرێن بەم بەشانەوە:
1- تەندروستیی تاكەكەسی: وەك نینۆك بڕین، خاوێنیی ریش و قژ و موو بە گشتی، بەكارهێنانی كڵاو و دەستكێش بەشێوەیەكی تەندروستانە و ئەنجامدانی پشكنینە بنەڕەتییە پزیشكییەكان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كەسەكە هەڵگری نەخۆشیی گوازراوە نییە.
لەشكر حەمید دەڵێت "لە كوردستان هەندێك لە كارمەندەكان دەستكێش ئەوەندەی بۆ پاراستنی دەستی خۆیان لە تەڕبوون یان پیسبوون بەكاردێنن، بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵكی بەكاری ناهێنن، بە هەمان دەستكێشەوە دەست لە گۆشتی كاڵ و كوڵاو دەدەن كە ئەمە مەترسیدارە، یان بە هەمان دەستكێشەوە دەست لە دەفری پیس دەدەن و دواتر دەست لە خواردنەكە دەدەن، بەو پێیە دەستكێشەكە دەبێتە نێوەندێك بۆ گواستنەوەی نەخۆشی بۆ ئەوانەی خۆراكەكە دەخۆن، نەوەك خاوێن راگرتنی خۆراكەكە".
2- شێوازی هەڵگرتنی خۆراك: وەكوو شێوازی خاوكردنەوەی خۆراك یان دووبارە هەڵگرتنەوە و بەستنەوە. بە بڕوای لەشكر حەمید دەبێ كارمەندی چێشتخانە هۆشیارییەكی باشی هەبێ سەبارەت بە گرنگیی پلەی گەرمیی خۆراك "چونكە پلەی گەرمیی كارا، یاریدەدەری سەرەكییە لە گەشەكردنی چەندین بەكتریا و ڤایرۆس و مشەخۆر لەنێو ئەو خۆراكەی ئامادە دەكرێ".
3- شێوازی خاوێنكردنەوە و ماددە پاككەرەوەكان و شوێنەكانی هەڵگرتنیان: بۆ نموونە نابێ ماددە پاككەرەوەكان لە ژووری ئامادەكردنی خۆراكەكە دابنرێن، چونكە ماددەی مەترسیدار و نەخۆشخەریان تێدایە كە تێكەڵی خواردنەكە دەبن و دەبنە سەرچاوەی مەترسی بۆ كەسەكە.
ماوەی دوو ساڵە سێ رێكخراو (سەنتەری هۆشیاری تەندروستی، رێكخراوی كوردژین و رێكخراوی سەلامەتیی شوێنی كار) سەرگەرمی گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی نوێن كە بریتییە لە كۆرسێكی فێركاریی تەندروستی بۆ كارمەندانی چێشتخانەكان.
بە گوتەی ئامادەكارانی پرۆژەكە، سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئێران، بەریتانیا، مالیزیا و رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وەرگیراوە بۆ نووسینەوەی پرۆگرامەكە كە لە 112 لاپەڕە پێكهاتووە و بابەتەكانی بەسەر 6 چاپتەردا دابەش بوون.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، بەڕێوەبەری سەنتەری هۆشیاری تەندروستی و یەكێك لە ئامادەكارە سەرەكییەكانی پرۆژەكە بە (رووداو)ی گوت "دوای 6-7 كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت و رێكخراوە پیشەییەكان، رۆژی 28ی تەمموز گەیشتینە داڕشتنی دەقی كۆتایی پرۆژەكە و پێشبینی دەكەین لە نیوەی یەكەمی مانگی ئابی ئەمساڵدا پرۆژەكە كارا ببێ".
بەگوتەی د.عەبدولفەتاح پرۆژەكە لە شەش مانگی یەكەمدا لە سلێمانی پەیڕەو دەكرێ و دواتر گشتاندنی بۆ دەكرێ بەسەر هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا، دوای ئەوەی بەهۆی جێبەجێكردنی تێبینی چاودێرانەوە دەوڵەمەندتر كرا.
رووداو زانیویەتی هەر كارمەندێك بۆ ئەوەی بڕوانامەی تەندروستی لە بوارەكەی بەدەستبهێنێ و مۆڵەتی كاركردنی لە چێشتخانە و رێستۆرانتەكان پێ بدرێ، دەبێ كۆرسێكی 25 كاژێری بخوێنێ كە لانیكەم پێنج رۆژ دەخایەنێ و لەبری خوێندنی كۆرسەكەش 75 هەزار دیناری لێوەردەگیرێ و بڕوانامەكەش لە كۆلێژی پۆلیتەكنیكی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان پەسەند دەكرێ.
سەرەتا خولێك دەكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كۆرسەكان فێری كارمەندانی چێشتخانە و رێستۆرانتەكان دەكەن، هەروەها ئەو كەسانەی دەبنە ئەندامی لێژنەكانی بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان.