ئاوسانی پێڵووەكان یان ئاوسانی چاوەكان Swollen eyes روودەدات لە ئەنجامی هەوكردن یان كۆبوونەوەی شلە لەناو شانە نەرمەكانی دەوری چاودا. ئاوسان دوچاری پێڵووی سەرەوە و خوارەوە دەبێت، لەوانەیە كە بە ئازار یان بێ ئازار بێت. ئاوسانی چاو بەگشتی هاوكاتە لەگەڵ یەكێك یان پتر لەم نیشانانەدا: سووتانەوەی چاو، خورشتی چاو، زیاد فرمێسكردن، گرفت لە بینینی تەواودا لەبەر گرفت لە كردنەوەی تەواوی چاوەكان، سوربوونەوەی پێڵوو، سووربوونەوەی چاوەكان، وشكبوونی چاو، دەردراو یان چڵكی چاو Eye discharge، ئازار بەتایبەتی كە هەوكردن هۆكاری ئاوسانی پێڵووەكان بێت. گریان بە چەندین میكانیزم دەبێتە هۆی ئاوسانی چاو، هەروەها هەستەوەریی چاو لەبەر هەر هۆكارێك. هەوكردنی روپۆشە بێ رەنگەكەی چاو Conjuctivitis بە ڤایرۆس یان بەكتریا هۆكارێكی ترە بۆ ئاوسانی پێڵووەكان. هۆكارەكانی تری ئاوسانی چاو بریتین لە: باپشكێو Chalazion، زەبر بۆ پێڵوو یان شانەكانی دەوری چاو كە پێی دەوترێت رەشبوونی چاو Black eye، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری پێڵوو، بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو بەتایبەتی ئەگەر بە بەكتریا ئالوودە بووبێت، هەوكردنی پێڵووەكان كە زیاتر لە ئەنجامی گرفت لە چەورە گلاندەكانی نزیك رەگی برژانگەكان روودەدات، هەوكردنی بەكتریایی شانە نەرمەكانی دەوری چاو، تامیسكەی چاو كە بە هەمان ڤایرۆسی تامیسكەی پێست روودەدات.