چەورییەكان Fats گرنگی زۆریان هەیە لە لەشدا، بۆ نموونە گواستنەوەی ئەو ڤیتامینانەی كە تەنیا لە چەوردا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین A، D،E و K، چەورییەكان چێژ و بۆنی خۆراك خۆشتر دەكەن، وەكو گوشن كاردەكەن بۆ پاراستنی ئەندامەكانی ناوەوە لە زەبر، چەورییەكان سەرچاوەی چڕن بۆ وزە، بۆنموونە یەك گرام چەوری 9 كالۆری وزە دەدات. دوو جۆری سەرەكی چەوری لە خۆراكدا هەیە، چەورییە تێرەكان Saturated fats و چەورییە ناتێرەكان Unsaturated fats. چەوریی ئاژەڵی لە جۆری چەورییە تێرەكانە كە بە چەورییە خراپەكان ناسراون، چونكە سەرچاوەن بۆ كۆلیستیرۆلی خراپ لە لەشەدا كە ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ زیاد دەكات. بەگشتی خۆراكە ئاژەڵییەكان بەتایبەتی گۆشت و شیرەمەنی رێژەیەكی بەرز لە چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن. رێژەی چەوری لە خۆراكە ئاژەڵییەكاندا جیاوازی هەیە، بۆ نموونە گۆشت یان ماسوڵكە رێژەی چەوری كەمترە بە بەراورد لەگەڵ جگەر و ئەندامەكان، هەروەها گۆشتی پەڵەوڕ هەتا سپیتر بێت رێژەیەكی كەمتری چەوری لەخۆدەگرێت، شیر و بەرهەمەكانی شیر چەوری زۆریان تێدایە ئەگەر لە كارگەی ئەلباندا مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرابێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی چەوری. ئەو كەسانەی كە پێویستە خۆیان بپارێزن لە چەوریی ئاژەڵی ئەوانەن كە كێشەی كۆلیستیرۆل و قەڵەوییان هەیە، هەروەها تووشبووان بە نەخۆشی دڵ، جەڵتەی مێشك، رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە. واباشە كە بڕی گشتی چەورییە تێرەكان لە خۆراكی رۆژانەدا بۆ یەكێكی پێگەیشتوو لە 20 گرام كەمتر بێت.