خۆربردن Sunburn بریتییە لە هەوكردنی پێست بە هۆی بەركەوتن بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هەتاو. نیشانەكان سەرەتا بە سووربوونەوەی پێست دەستپێدەكەن، پاشان پێست گەرم و بە ئازار دەبێت، هەروەها كەمبوونەوەی شلە لە شدا، پاشان ئاوسانی پێست، لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانی بڵۆق و تفر فڕێدان. لە حاڵەتە سەختەكانی خۆربردندا نیشانەی تر سەرهەڵدەدەن وەكو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، هێڵنج، سەرسووڕان، خێرابوونی هەناسە و لێدانەكانی دڵ، نیشانەكانی وشكبوونەوە. بەركەوتن بە تیشكی خۆر بە شێوەیەكی درێژخایەن دەبێتە هۆی: لۆچبوونی پێست، زوو پیربوونی پێست، ئاسەوار، شێرپەنجەی پێست. بۆ خۆپاراستن لە خۆربردن، هەوڵ بدە كە بۆ كەمترین ماوە بچیتە بەر تیشكی خۆر بەتایبەتی لەكاتی نێوان 10ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، جلی فراوان لەبەربكە كە هەموو لەش داپۆشێت. هەتا ئەگەر هەور بە هەموو ئاسمانەوە بێت هێشتا ئەگەری خۆربردن لە ئارادایە، چونكە هەر رێگر نییە لە گەیشتنی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بە رووی زەوی، هەروەها چوونە ناو ئاو یان مەلە هەرگیز لە كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر ناتپارێزێت. ئەمەش لەبیر نەكەیت كە زیخ، ئاو، بەفر بە توندی تیشكی خۆر دەدەنەوە، بۆیە ئەگەری خۆربردن زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە كەنار دەریاكاندا. ئاوێتەیەكی دژەهەتاو رۆژانە چەندین جار بەكاربێنە كە فاكتەری پاراستنی لە تیشكی خۆر كەمتر نەبێت لە 15 كە بۆ زۆربەی خەڵك گونجاوە، كەسانی خاوەن پێستی سپی پێویستیان بە جۆرێك دژەهەتاوە كە فاكتەری پاراستن لە هەتاوی بەرزتر لەخۆبگرێت كە لەوانەیە بگاتە 50.