ئایا قەرەباڵغی و بۆنی ناخۆشی هۆڵ، یان شوێنە داخراوەكانی مەشقی وەرزشی ناڕحەتی كردوویت؟ مەشقی وەرزشی لە دەرەوە یان لە هەوای كراوەدا بەتایبەتی لە كەشی بەهار و هاویندا چێژی خۆی هەیە، هەروەها بە خۆڕاییە، هیچ تێچووێكی نییە، دەتوانیت جوولەی سەربەستتر و زیاتر ئەنجام بدەیت. دەتوانیت تەنیا لە مانگە گەرمەكاندا بەشداری لە هۆڵەكانی مەشقدا بكەیت، ئەگینا دەتوانیت كە مەشقەكەت بخەیتە ئێوارە یان شەو. زۆربەی ئەوانەی كە بە ئامێری رۆیشتن Treadmill یان پایسكلی جێگیر لە ماڵەوە مەشق دەكەن ئەوا پاش ماوەیەك دوچاری بێزاری دەبن و ناتوانن بەردەوام بن، ناچار ئامێرەكانیان دەفرۆشن یان لە گۆشەیەكی ماڵدا هەڵیدەگرن. لە زۆربەی هۆڵەكانی مەشقی وەرزشیدا Gym halls بۆنی ئارەقە و غەڵەبغەڵب هەیە، ئەمەش بۆ گەلێك كەس مایەی ناڕحەتییە، بەڵام هەوای پاكی دەرەوە بەتایبەتی لە پاركەكاندا تێر ئۆكسجینە كە هاندەرە بۆ بەخشینی وزەی زیاتر بە لەش. مەشقكردن لە دەرەوەدا گرنگە بۆ دابینكردنی رێژەیەكی باش لە ڤیتامین D بە بەركەوتن بە تیشكی خۆر كە لەوانەیە پێویستی رۆژانەی ئەم ڤیتامینە پڕبكاتەوە، هەروەها بینینی زیاتری دەوروبەر لەكاتی مەشقی وەرزشی لە هەوای كراوەدا هاندەرە بۆ مەشقی ئاكتیڤتر و فەرامۆشكردنی هەستكردن بە ماندووبوون و ئازار، مەشقی وەكو رۆیشتن یان لێخوڕینی پایسكل توانای بەردەوامبوونت لەسەر مەشقی وەرزشی زیاتر دەكەن و دەتوانیت بۆ ماوەیەكی درێژتر لەسەر مەشقەكەت بەردەوام بیت بەوەی كە لە ماڵ دووردەكەویتەوە.