وشەی فیلەر Filler واتە پڕكەرەوە، فیلەری پێست Dermal fillers واتە پڕكردنەوەی هێڵە بەرجەستەكان یان هێڵەكانی لۆچبوونی پێستی دەموچاو، هەروەها فیلەر بەكاردێت بۆ گەورەكردنی لێو، پڕكردنەوەی چاڵی روومەت، جوانكردنی یان پڕكردنەوەی چاڵی ئاسەوارەكانی پێست. فیلەری پێست گەلێك جۆری هەیە كە جیاوازن لە پێكهاتە و قەبارە و ماوەی مانەوەی كاریگەرییەكانیان، هەروەها لە رووی نەرمی و رەقییەوە، بۆ نموونە فیلەری نەرم بۆ جوانكاری لێو گونجاوە، كەچی فیلەری توند یان رەق گونجاوە بۆ پڕكردنی روومەتەكان، بێگومان دكتۆر جۆری گونجاو بۆ هەر بەشێكی لەش و بۆ هەركەسێك هەڵدەبژێرێت. دەتوانرێت كە چەوری لە هەمان كەس بە ئامێری راكێشانی چەوری Liposuction وەربگیرێت و بە شێوەی فیلەر بەكاربێت Fat injection، بەڵام بۆ دەركەوتنی ئەنجامی تەواو ماوەیەكی زیاتری پێویستە. زۆربەی جۆرەكانی فیلەری پێست كە بە شێوەی دەرزی خۆجێی بەكاردێن، كەمترین زیانی لابەلایان هەیە و راستەوخۆ پاش بەكارهێنانی دەرزی فیلەر ئەنجامەكان لە پێستدا دەردەكەون، بۆ نموونە سووربوونەوە و ئاوسانێكی سادە، سڕبوونێكی كاتی. ئاڵۆزیییەكان كە لە چەند حاڵەتێكی كەمدا روودەدەن بریتین لە: پەیدابوونی گرێی بچووك یان خوێنبەربوون لە شوێنی بەكارهێنانی دەرزی فیلەردا، هەوكردن، خورشت، زیپكە، پەیدابوونی ئاسەوار لە شوێنی بەكارهێنانی فیلەردا.