تێكڕای لێدانەكانی دڵ Heart rate لە كەسێكی پێگەیشتووی تەندروستدا لە نێوان 60- 100 دایە لە خولەكێدا. ریتمی لێدانەكانی دڵ بە هۆی تۆڕی كارەبای دڵەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. كە بزوێنەرێكی دەرەكی یان حاڵەتێك یان نەخۆشییەك كاریگەری دەكاتە سەر سستمی كارەبایی دڵ، ئەوا لەوانەیە كە دڵ بە شێوەی زیادبوونی لێدانەكانی كاردانەوە پیشان بدات. زیادبوونی لێدانەكانی دڵ Tachycardia گەلێك كەسدا نابێتە ئەگەری سەرهەڵدانی هیچ نیشانەیەك، بەڵام لە هەندێك كەسی تردا دەبێتە هۆی سەرسووڕان، هەناسەڕاوكێ، ئازاری سینگ، هەروەها هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness. بەگشتی زیادبووی لێدانەكانی دڵ كاریگەری دەكاتە سەر فرمانی دڵ، هەندێك جاریش لەوانەیە كە كاریگەرییەكە مەترسیدار بێت. زیادبوونی لێدانەكانی دڵ وای لێدەكات كە بە شێوەیەكی نادروست خوێن پەمپ بنێت، بە مانایەكی تر لەبەر خێرا گرژبوونەوەی ماسوڵكەی دڵ هەندێك خوێن لەناو سكۆڵەكاندا دەمێنێتەوە كە لەوانەیە بمەیێت، ئەمەش لەوانەیە كە ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەرێكی دڵ و روودانی نۆرەی دڵ یان لە دەرەوەی دڵدا ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەرێكی مێشك و ببێتە ئەگەری جەلتە. گەلێك جاریش زیاد لێدانی دڵ بارگرانی زیاد لەسەر ماسوڵكەی دڵدا پەیدا دەكات و دەبێتە هۆی پەككەوتنی دڵ Heart failure