هەوكردنی نینۆك بە كەڕووی كاندیدا یان مۆنیلییا حاڵەتێكی درێژخایەنە، هۆكارە بۆ گۆڕانی رەنگ و تێكدانی شێوە و لووسی نینۆك. بەگشتی گۆڕانی رەنگی نینۆك Nail discoloration بۆ رەنگی سپی، سوور، رەش، زەرد، قاوەیی یان سەوز نەخۆشییەكی لەپاڵەوەیە جا لە خودی نینۆك یان لە دەرەوەی نینۆكدا. هۆكاری زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكانی گۆڕانی رەنگی نینۆك بۆ هەوكردن دەگ بە كەڕوو دەگەڕێتەوە كە لە هەوا و تۆزوخۆڵ و خاكدا هەیە، بە هەوكردنی كەڕوو رەنگی نینۆك دەگۆڕێت بۆ سپی، زەرد یان قاوەیی. هەروەها هەوكردنی بناغەی نینۆك بە بەكتریای سۆدۆمۆناس Pseudomonas رەنگی نینۆك بۆ سەوز دەگۆڕێت. گۆڕانی رەنگی نینۆك بۆ سوور یان رەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوە و قەتیسبوونی خوێن لەژێر نینۆكدا لەبەر زەبر یان لەبەر چەقینی نینۆك لەناو شانەكانی پێستی دەوری نینۆكدا. نەخۆشییە درێژخایەنەكانیش كاریگەری دەكەنە سەر شێوە و رەنگی نینۆكەكان بەتایبەتی نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی جگەر، نەخۆشی گورچیلە، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی سییەكان، بۆیە لە پشكنینی پزیشكیدا بە شێوەیەكی رۆتینی پشكنین بۆ نینۆكەكان دەكرێت. جیابوونەوەی نینۆك لە بناغەكەی رەنگێكی سپی زەردباوی پێ دەبەخشێت. هۆكارەكانی تری گۆڕانی رەنگی نینۆك بریتین لە: زەردووی Jaundice، هەستەوەری پێست لە شانەكانی نینۆكدا، نەخۆشی سەدەف، كەمخوێنی درێژخایەن، هەستەوەری دەرمان، بەدخۆراكی، جگەرەكێشان، بەركەوتنی نینۆكەكان بە بۆیە و ماددەی كیمیایی.