كاریگەری رووناكی لەسەر پێستدا

كاریگەری رووناكی لەسەر پێستدا
پێست Skin بەردەوام دەكەوێتە بەر رووناكی خۆر و رووناكی و تیشكە دەستكردەكانەوە. رووناكی خۆر كە دەگاتە سەر رووی زەوی پێكهاتووە لە رووناكی بینراو و تیشكی سەرووی وەنەوشەیی و گەرمی، رێژەی گەیشتنی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بە زەوی لە بەرزترین ئاستیدا دەبێت لە دوو كاتژمێری نیوەڕۆی هاویندا. بەشەكانی تری رووناكی خۆر ناگەنە رووی زەوی چونكە چینی هەوا(ئەتمۆسفیر) وەكو فلتەرێك رێگایان لێدەگرێت. رووناكییە دەستكردەكان كە هەندێكیان سەرەڕای رووناكی بینراو و گەرمی، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بەرهەم دێنن وەكو لێزەر، ئامێری لەحیمكردن و هەندێك جۆری گلۆپ و هەتا نیۆنی فلۆریسێنتیش، زیان بە پێست دەگەیەنن. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كە لەم سەرچاوانەوە پەیدا دەبێت، بە شێوەیەكی سەرەكی بەرپرسیارە لە زیان گەیاندن بە پێست، هەر چەندە كە رووناكی بینراویش تا رادەیەك كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پێست. لە رووی زیانە بایۆلۆژییەكانەوە، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەكرێ بە سێ جۆرەوە، جۆریA ،B،C كە هەر یەكەی درێژی شەپۆڵی جیاوازی هەیە. جۆری C بە تەواوی لە چینی هەوای دەوری زەویدا هەڵدەمژرێت و هیچی ناگاتە سەر رووی زەوی، بەڵام جۆری B كە چینی هەوا نایگێرێتەوە، دەگاتە سەر رووی زەوی و چاڵاكترین جۆرە لە زیان گەیاندن بە پێست، بۆ نموونە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سووتان یان سووربوونەوەی درێژخایەنی پێست، گۆڕانی رەنگ (لەكە) و لۆچبوونی پێست، زیپكەی رووناكی، خورشتی خۆر، وشكبوونی پێست كە زۆر جار دەبێتە شێرپەنجەی پێست. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی جۆری A دەگاتە سەر رووی زەوی بەڵام زیانێكی كەم بە پێست دەگەیەنێت.
Top