نەخۆشی شەكرە Diabetesmellitus درێژخایەنە، تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تووشبوو پێویستە كە بەردەوام پابەندی پارێزی خۆراكی و بەكارهێنانی دەرمان و بەسەركردنەوەی تەندروستی بێت. ئەمە روونە كە نەخۆشی شەكرە ئەگەر بە باشی كۆنتڕۆڵ نەكرێت ئەوا بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێك ئاڵۆزی تەندروستی لە چەندین ئەندام و كۆئەندامی لەشدا، بۆ نموونە دڵ، خوێنبەرەكان، گورچیلە، چاو، پێست، كۆئەندامی دەمار. ئاستی بەرزی شەكری خوێن كە لەكاتی كۆنتڕۆڵنەكردنی نەخۆشی شەكرەدا بەدی دەكرێت، كاریگەری نێگەتیڤی زۆر دەكات سەر كۆئەندامی دڵ و سووڕان بە شێوەی نەخۆشی لە خوێنبەرەكانی تاجی دڵ واتە رەقبوونی خوێنبەرەكان كە دەبێتە هۆی ئازاری دڵ (سینگەدڕە Angina)، هەندێك جاریش بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها جەلتەی مێشك. لە نەخۆشانی شەكرەدا، جگە لە پارێزی تایبەت بە شەكرە، كەمكردنەوەی خوێ بۆ كەمتر لە 1500 ملگم لە رۆژێكدا، لەگەڵ دووركەوتنەوە لەو خۆراكانەی كە خوێی شاراوە Hidden salt لەخۆدەگرن هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، وا باشترە كە ئەمە هاوكات بێت لەگەڵ كەمكردنەوەی چەورییە خراپەكان و كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش.