هەموو ئەو كەسانەی كە دەرمانی خەوێنەر Sleep drugs بەكاردێنن، سەرەتا هەست بە نیگەرانی دەكەن سەبارت بە كاریگەری و زانە لابەلایەكان بەتایبەتی كە هەست دەكەن خەویان دەبێتە دەستكرد. بەگشتی هیچ دەرمانێكی خەوێنەر بەدەر نییە لە زیانی لابەلا، بۆیە پێویستە كە تەنیا بە رێنمایی و چاودێری نزیكی دكتۆر بەكاربێن و هەرگیز بەبێ راچێتە نەفرۆشرێن. زیانە لابەلاكانی دەرمانە خەوێنەرەكان: هەستكردن بە بێهێزی گشتی لەش، سەرسووڕان، هێڵنج، سەرئێشە، گرفت لە بێداربوونەوەی بەیانیان و هەستكردن بە بۆرژان، نووستنی قووڵ بە دەرمانی خەوێنەر ئەگەری دڵەكزێ و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD زیاد دەكات، گەلێك لە حەبە خەوێنەرەكان ئەگەری خوپێوەگرتن Dependence یان راهاتن Addiction زیاد دەكەن بەتایبەتی كۆمەڵەی ڤالیۆم، بەكارهێنانی دەرمانی خەوێنەر بۆ ماوەیەكی زۆر هۆكارە راستەقینەكانی خەوزڕان دەشارێتەوە بەتایبەتی سترێس، لەبیرچوونەوەی زۆربەی شتەكانی شەوی رابردوو بەر لە نووستن، زۆربەی دەرمانە خەوێنەرەكان كاریگەری دەكەنە سەر هۆرمۆنەكان و سووڕی مانگانەدا.