هۆكاری ئاوسانی پێیەكان

هۆكاری ئاوسانی پێیەكان
ئاوسانی پێ یان جومگەی گۆزرینگ Ankle نیشانەیەكی باوە بۆ گەلێك حاڵەت و نەخۆشی. بەگشتی زۆربەی هۆكارەكانی ئاوسانی جومگەی گۆزرینگ و ئاوسانی پێ هاوبەشن، بۆ نموونە وەستان یان رۆیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر هۆكارە بۆ ئاوسانێكی بێ ئازاری گۆزرینگ و پێ، هەروەها دووگیانی بە شێوەیەكی ئاسایی دەبێتە هۆی ئاوسانی پێیەكان. زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، بۆ نموونە دەرمانی دژەهەوكردن كە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری جومگە بەكاردێن، هۆرمۆنەكان، دەرمانی كۆنترۆلكردنی نەخۆشی شەكرە، دەرمانی دژە خەمۆكی، هەندێك دەرمانی دابەزاندنی پەستانی خوێن. زەبری دەرەكی و برینداربوونی پێ یان شكانی ئێسك لە جومگەی گۆزرینگدا، هەوكردنی بەشێكی دیاریكراو یان هەموو شانەكانی پێ Cellulitis، گیرانی رێڕەوە لیمفاویەكان هۆكاری ترن بۆ ئاوسانی پێیەكان، هەروەها نەخۆشی دڵ بەتایبەتی پەككەوتنی دڵ، نەخۆشی جگەر، نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە، ئەمانە هەموویان كاریگەری دەكەنە سەر جوولەی شلە لە لەشدا. ئاوسانی گۆزرینگ یان ئاوسانی پێ چارەسەر دەكرێت بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكەی.
Top