لە ژیاندا شتی ناخۆش روودەدەن، هەموومان دوچاری دڵتوندی یان غەم دەبینەوە، بۆ نموونە جیابوونەوەی هاوسەران، لەدەستدانی كەسێك یان هاوڕێیەكی نزیك، گرفتی ماددی..تاد. دڵوتندی یان غەم Sadness كاردانەوەیەكی سروشتی و تەندروستییانەیە بەرانبەر بە بەسەرهات و رووداوەكانی ژیان، پاشان هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لە خەمۆكیدا دڵتوندییەكە قووڵترە و بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبێت. نیشانەكانی خەمۆكی جیاوازن لە دڵتوندی، بەوەی كە بۆ ماوەیەكی زۆرتر دەمێننەوە كە گرفتی دەروونی و جەستەیی لەخۆدەگرن، نیشانە دەروونییەكان بریتین لە: هەستكردنی بەردەوام بە غەم و پەژارە، بیركردنەوەی نێگەتیڤی بەردەوام كە تووشبوو ناتوانێت لێی رزگار بێت، هەستكردن بە نائومێدی و تاوان، هەستكردن بە بێ بەهایی، هەستكردن بە ناڕحەت، بیركردنەو لە خۆلەناوبردن Suicide، گرفت لە تەركیزكردن و بیرهاتنەوە و بیركردنەوەی دروستدا، چێژوەرنەگرتن لەو چاڵاكی و شتانەی كە لە رابردوودا چێژبەخش بوون، هەستكردن بە پەستی و نیگەرانی، گریان. نیشانە جەستەییەكانی خەمۆكی ئەمانەن: گرفتەكانی خەو بە شێوەی كەم نووستن یان زیاد نووستن، كەمبوونەوە یان زیادبوونی ئارەزووی خواردن، هەڵبەزین و دابەزینی كێشی لەش، ئازار لە ماسوڵكە و جومگەكاندا، سەرئێشە، هەستكردن بە بێهێزی جەستەیی، سك ئێشە و گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا.