ناوچەكەمان رێژەیەكی زۆری لە تیشكی خۆر بەردەكەوێت كە بە دوژمنی سەرەكی پێست هەژمار دەكرێت. لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، گەلێك كەس بەتایبەتی ئەوانەی كە لەبەر هەر هۆكارێك بەر تیشكی خۆر دەكەون بەتایبەتی لە نێوان كاتژمێر 10ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ دوچاری كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەبنەوە لە سووربوونەوە، زیپكەی هەتاو، لەكە، وشكبوونی پێست، لۆچبوون، زووپیربوون، هەروەها شێرپەنجە. بۆ رێگرتنی تەواو لە زووپیربوون و كەمكردنەوەی ریسكی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست پێویستە كە ئاوێتەیەكی دژەهەتاو Sunscreen رۆژانە بەكارهێنرێت جا ئەگەر هەتاو بێت یان هەور یان هەتا باران. بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژاردنی جۆری دژەهەتاو گرنگی زۆری هەیە. گەلێك كەس بە بەكارهێنانی بەردەوامی دژەهەتاو ناڕحەت دەبن بەوەی كە هەست دەكەن پێستی دەموچاویان گرژ دەبێت یان كەمێك سپی و بریقەدار دەبێت، بۆیە پابەندی بەكارهێنانی رۆژانە نابن، بۆیە پێویستە كە ئاوێتەی دژەهەتاو بۆ هەر كەسێك تەنیا لە لایەن دكتۆری پێستەوە هەڵبژێررێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا واباشە كە فاكتەری پاراستن لە هەتاو Sun protection factor لە ئاوێتەكەدا هەرگیز لە 50 كەمتر نەبێت.