تای ماڵــــــــــــــــتا

تای ماڵــــــــــــــــتا
تای ماڵتا بە Brucellosis هۆی بەكتریای برۆسێللا كە لە ئاژەڵەوە سەرچاوە دەگرێت دوچاری مرۆڤ دەبێت، بۆ نموونە مەڕ، بزن، چێڵ، بەراز، مامز. ئەم ئاژەڵانە كە تووشی برۆسێللا دەبن، ئەوا بەكتریای برۆسێللا دەچێتە ناو شیر. شیر ئەگەر بە بەباشی نەكوڵێنرێت یان پاستوریزە نەكرێت، ئەوا پاش خواردنەوەی یان پاش خواردنی پەنیری دروستكراو لەم شیرە، مرۆڤ دوچاری تای ماڵتا دەبێت. تای ماڵتا لە مرۆڤی تووشبوو بۆ یەكێكی تر ناگوازرێتەوە.بەكتریای برۆسێللا بە 3 رێگا لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە دەبێت: یەكەم،بە رێگای دەم واتە شیر و بەرهەمەكانی كە بە بەكتریای برۆسێللا ئالودە بووبن، ئەمەش باوترین رێگای گواستنەوەیە. دووەم، گەیشتنی بەكتریای برۆسێللا بە رێڕەوەكانی هەناسە(هەڵمژین). سێیەم، گەیشتنی بەكتریا بە لەش لە رێگای چوونەژوورەوە بە برینی پێست. نیشانەكانی تای ماڵتا بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئارەقەكردن، سەرئێشە، پشت ئێشە، ئازاری جومگە، بێهێزی گشتی جەستە. ئەم نەخۆشییە بە پشكنینی خوێن دەستنیشان دەكرێت، بۆ دڵنیایی تەواو واباشترە كە 2 پشكنین لە ماوەی 2 هەفتەدا ئەنجام بدرێن. تای ماڵتا چارەسەر دەكرێت بە بەكارهێنانی چەند دەرمانێكی دژەژی بۆ ماوەی 6 هەفتە. كوتان دژی تای ماڵتا تا ئێستا لە ئارادا نییە. خۆپاراستن: پاستوریزەكردنی تەواوی شیر Pasteurization پێش ئەوەی كە بكرێ بە پەنیر یان ئایس كرێم، بەكارهێنانی دەستكێشی لاستیكی لە لایەن قەساب و گۆشتفرۆشەكان بەتایبەتی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەندامەكانی ناوەوە و ناو سكی ئاژەڵدا.
Top