پرۆتین Protein پێكهێنەری سەرەكی ماسوڵكە و ئەندامەكان و گلاندەكانە، هەموو خانەیەكی زیندوو پرۆتینی تێدایە، هەموو شلەیەكی لەش جگە لە زەرداو و میز پرۆتینیان تێدایە. لەگەڵ بەتەمەنداچوون و هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا، پێویستی لەش بە هەندێك جۆری خۆراك گۆڕانكاری بەسەردا دێت، پێویستی بە هەندێكیان زیاد دەكات و پێویستی بە هەندێكیشیان كەم دەبێتەوە. بە پێچەوانەی چەورییەكان و خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان بەتایبەتی شەكرەكان كە لەش دەتوانێت بە شێوەی بەز و گلایكۆجین خەزنیان بكات، لەش ناتوانێت پرۆتینی پێویست ئەگەر لە خۆراكەوە وەرنەگیرێت بۆ خۆی دابین بكات مەگەر لەسەر حیسابی شانە ماسوڵكەییەكان بێت. لێرەدا تێبینی ئەوە دەكەین كە ئەگەر پێویستی رۆژانە لە پرۆتین نەگاتە لەش، ماسوڵكەكان بچووك دەبنەوە و دوچاری پوكانەوە دەبن. پێگەیشتووان لە هەر تەمەنێكدا رۆژانە پێویستیان بە 1.25گرام پرۆتین بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش هەیە بە مەرجێك تەندروستییان تا رادەیەك جێگیر بێت و هیچ نەخۆشییەكیان نەبێت. پرۆتین لە خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی رووەكییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نموونە 100 گرام ماسی یان مریشك یان گۆشتی سوور نزیكەی 20 گرام پرۆتین دابین دەكات، 250 گرام نیسك یان 250 گرام نانی سپی یان 300 گرام فاسولیای سپی نزیكەی 20 گرام پرۆتین دابین دەكات.