بۆ هەر دووگیانبوونێک ددانێک لەدەست دەدرێت؟
دکتۆر سعید حەمید توتمەیی مامۆستای زانکۆی هەولێری پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکی ددان تایبەت بە خەندان لایف رایگەیاند "لە راستیدا ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، تائێستا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان سکپڕی و کلۆربوونی ددان نییە، واتا سکپڕی نابێتەهۆی کلۆربوونی ددان".
هەندێک گۆڕانکاری کارئەندامیی(فیسیۆلۆجی) لەکاتی سکپڕی روودەدەن، ئەم گۆڕانکاریانە کاردەکەنە سەر کلۆربوونی ددان.
۱-ئافرەت لەکاتی دووگیانی حەز و ئارەزووی بۆ هەندێک خواردن و شتی نائاسایی دەچێت کە لەکاتەکانی تر ئەم حەزو ئارەزووە نییە. بۆ نموونە حەزی زۆر بۆ شیرینی دەچێت کە ئەش دەبێتەهۆی کلۆربوونی ددان.
۲-هێڵنجهاتنەوە و رشانەوە بەتایبەتی بەیانیان یان بێزکردن لەهەندێک شت، بۆیە ئافرەتەکە ناتوانێت بەتەواوی دەم و ددانی بشوات ئەمەش دەبێتەهۆی کلۆربوونی ددان، نزیکەی ۷۰٪ ئافرەتان لەکاتی دووگیانی تووشی رشانەوە دەبن، ئەگەر رشانەوەکە زۆر بێت و درێژەبکێشێت دەبێتەهۆی داخوران و داڕووشانی ددانەکان بەتایبەتی دیوی ژوورەوە بەهۆی ئەو ترشێتیەی کە ناو گەدە(معيدة) دێتەوە ناو دەم.
۳-گۆڕانکاری لەهەستی تامکردن (چەشتن) لەکاتی دووگیانی هۆکارێکی ترە کە دەبێتەهۆی زیادبوونی کلۆری ددان. واتا خودی دووگیانی نابێتە هۆی کلۆربوون، بەڵکو ئەو گۆڕانکاریانەی لەکاتی سکپڕی روودەدەن دەبنەهۆی کلۆربوونی ددان، لەکاتی سکپڕی ئەگەر مادەی کالسیۆم لەناو خوێندا کەم بێت، لەناو ئێسکەوە دێتە ناو خوێن بۆ ئەوەی کۆرپەلەکە تووشی کەمیی کالسیۆم نەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەناو ددانەکان نایەتە ناو خوێن. بۆیە ددانەکان لەکاتی سکپڕی ناسک نابن وەک ئەوەی لەوانەیە ئێسکەکان ناسک بن. لەناو کۆمەڵکا واباوە کە لەکاتی سکپڕی ددانەکان نەرم و ناسک دەبنەوە، بۆیە زووتر و زیاتر تووشی کلۆری دەبن، بەڵام ئەمە دوورە لەراستی و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.هەندێک گۆڕانکاری هۆڕمۆنی لەکاتی سکپڕی روودەدەن دەبنەهۆی ئەوەی پووک زیاتر تووشی هەوکردن ببێت، پێویستە ئافرەتەکە پێش سکپڕی سەردانی پزیشکی ددان بکات، بۆئەوەی ئەگەر هەر گرفتێکی دەم و ددان و پووکی هەبێت چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.
لەکاتێکدا ئەگەر لەکاتی سکپڕیش تووشی هەر گرفتێک بوو زۆر ئاساییە دەتوانێت چارەسەری پێویست وەربگرێت و هیچ مەترسی و کاریگەری لابەلای لەسەر کۆپەلەکە نییە.
خه ندان