ئازاری مەچەك لە ئافرەتدا

ئازاری مەچەك لە ئافرەتدا
ئازاری مەچەك Wrist pain حاڵەتێكی باوە لە ئافرەتدا، هۆكاری سەرەكی ئەم گرفتە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی فشار لەسەر تونێڵی مەچەك Carpal tunnel و دەمارەكانی دەست. لەوانەیە كە ئازار لە مەچەكەوە بۆ بەری دەست و پەنجەكان بەتایبەتی پەنجەی مۆركردن بڵاوبێتەوە لەگەڵ هەستكردن بە سووتانەوە یان سڕبوون. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری زیادبوونی فشار لەسەر دەماری ناوەند لە مەچەكدا لەبەر ئاوسانی شانەكان بریتین لە: بەكارهێنانی زۆری مەچەك بۆ نموونە تایپكردن لەسەر كیبۆردی كۆمپیوتەر و زیادبەكارهێنانی ماوس، دوورین بە دەست، نووسین و نەخشەكێشان، بەكارهێنانی ئامێری لەرزۆك Vibrating tool، دووگیانی، كێشی زیاد و قەڵەوی، وەستانی یەكجارەكی سوڕی مانگانەی ئافرەت، نەخۆشی شەكرە، وەرزشی تۆپی دەست، سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان، زەبر بۆ مەچەك كە دەبێتە هۆی ئاوسان یان شكانی ئێسك یان هەوكردنی بەستەرەكان، سەوەفانی مەچەك، هەوكردنی جومگەی مەچەك بە بەكتریا، نەخۆشی بەگەكان Gout لەبەر زیادبوونی ئاستی ترشی یۆریك Uric acid لە خوێندا كە دەبێتە هۆی ئازارێكی توند و ئاوسان و سووربوونەوە. ئەم حاڵەتە بە تیشكی x دەستنیشان دەكرێت، چارەسەریش بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەهەوكردن دەستپێدەكرێت، هەندێك جاریش دەرزی ستیرۆیدی راستەوخۆ لە مەچەك دەدرێت.بەم هەنگاوانەی خوارەوە دەتوانیت كە خۆت لە ئازاری مەچەك بپارێزیت: دابەزاندنی كێشی زیاد، رۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو، كەمكردنەوەی خواردنی جگەر و ماسی ساردین، بەكارهێنانی دروستی كیبۆرد و ماوسی كۆمپیوتەر بەمەرجێك ئاراستەی مەچەك ئاسۆیی بێت، لە پاش زیاد بەكارهێنانی مەچەك پێویستە كات بۆ حەسانەوە تەرخان بكەیت.
Top