ئەگەرچی زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتان جۆری جیاواز لە ئاوێتەكانی جوانكاری Cosmetics بە شێوەیەكی بەربڵاو رۆژانە بەكاردێنن، بەڵام زۆربەیان گرنگی بە زیانە لابەلایەكان نادەن، یان دركی پێناكەن كە بریتین لە: تاریكبوونی رەنگی پێست، یان لەكە، پەیدابوونی هەستەوەری بە شێوەی سووربوونەوە و سووتانەوەی پێست، هەوكردن یان هەستەوەری چاو پاش گەیشتنی بۆیەكانی شەدۆی چاو یان مەسكارا بە چاو یان لەكاتی بەكارهێنانی هاوێنەی لكاودا، ناسكبوون و زووشكانی نینۆك و لەدەستدانی رەنگ و رەونەقی سروشتی بە هۆی پۆلیش یان بۆیەی نینۆك، زۆربەی سووراوەكانی لێو كانزای ئەلەمنیۆم یان قوڕقوشم لەخۆدەگرن لەگەڵ ئۆكسیدی زینك یان باریۆم كە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، هەموو جۆرەكانی ئارایشت و شێداركەرەوەكانی پێست كرداری پیربوونی پێست تاو دەدەن و ئەگەری لۆچبوونی پێست زیاتر دەكەن، زۆربەی جۆرەكانی شامپۆ، كۆندیشنەر، سپرای قژ، جێل یان بۆیەی قژ كاریگەری خراپ دەكەنە سەر كوالیتی قژ بە شێوەی موخۆركە و هەڵوەرین یان گۆڕانی رەنگی قژ لەگەڵ سووربوونەوەی پێستی سەر. بۆ كەمكردنەوە یان خۆپاراستن لە زیانە لابەلایەكانی ئاوێتەكانی جوانكاری پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلدا هەرگیز هیچ ئاوێتەیەكی جوانكاری بەكارمەهێنە، هاوبەشی مەكە لە بەكارهێنانی هەر ئامێر فڵچە و ماددەكی جوانكاری لەگەڵ كەسانی تردا، ئاوێتەكان دوور لە تیشكی خۆر و گەرمی هەڵبگرە و قەباخەكانیان بە باشی دابخە، ئارایشت مەكە لەكاتی تووشبوونت بە هەوكردن لە چاودا، ئەو ئاوێتانە بەكارمەهێنە كە بۆن یان رەنگیان گۆڕاوە، هیچ جۆرێكی سپرای لە نزیك سەرچاوەكانی ئاگر بەكارمەهێنە، خۆت بپارێزە لەهەڵمژینی پاودەر یان سپرای.