لاستیكیی پێست Skin Elasticity بریتییە لە توانای پێست بۆ كشان و گەڕانەوە بۆ شێوە و توندیی ئاسایی خۆی. كەمبوونەوەی تۆن و توندی پێست و ماسوڵكەكانی ژێرەوەی هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی یان نەمانی لاستیكیی پێست و لۆچبوون. كەمبوونەوەی لاستیكیی و مرونەی پێست بەگشتی لە تەمەنی 40 ساڵیدا وەكو بەشێكی سروشتیی بەساڵاچوون دەستپێدەكات. بەساڵاچوون كە هۆكارە بۆ دەستپێكی سەرەتاكانی پیربوونی پێست هەر لە پاش تەمەنی 25 ساڵیدا و لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەجەستەتر دەبێت. تیشكی خۆر ریشاڵەكانی ئیلاستین لە پێستدا تێكەشكێنێت كە گرنگن بۆ هێشتنەوەی لاستیكیی پێست، لە ئەنجامی چاكبوونەوەی ئیلاستینی تێكشكاودا پێست زوو پیردەبێت و لۆچ دەبێت. دابەزینی كێشی لەش بە خێرایی لە ماوەیەكی كەمدا هۆكارێكی زەقە لەپاڵ كەمبوونەوەی مرونەی پێست و شۆڕبوونی پێست. جگەرەكێشان هۆكارە بۆ گۆڕانی كیمایی لە لەشدا كە دەبێتە هۆی تاودانی پیربوونی پێست، ئەو كەسانەی كە رۆژانە زیاتر لە 10 جگەرە دەكێشن زیاتر دوچاری لۆچبوون و شۆڕبوونی پێست دەبن. زیاد خواردنی چەوری و شیرینی هۆكارێكی ترە بۆ پێستێكی خراپ، هەروەها نووستنی بەردەوام لەسەرلایەك وادەكات كە پێستی ئەم لایەی دەموچاو زووتر دوچاری شۆڕبوون و لۆچبوون بێت.