دابەزینی پەستانی خوێن Hypotensionتا نەگاتە 9060 میللیمەتر جیوە (واتە نۆ لەسەر شەش بە زمانی خەڵك) یان كەمتر نیشانەكانی دەرناكەون. ئەگەر چی ئەم پێوەرە لە مرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت. نیشانەكانی دابەزینی پەستانی خوێن بریتین لە: سەرسووڕان یان گێژبوون، كەوتن ، گۆڕان لە فرمانەكانی مێشك وەكو شێوان و كەمبوونەوە و نەمانی تەركیز، پەستی، گۆڕان لە هەناسەوەرگرتندا بە شێوەی خێرابوون و تەنكبوونی هەناسەوەرگرتن، هێڵنج كە هەندێك جار رشانەوەی لەدوادێت، هەستكردنێكی كتوپڕ بە سەرما یان رەنگ زەردبوونێكی لەناكاو. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری دابەزینی پەستانی خوێن بریتین لە: گۆڕانە فسیۆلۆژیەكان كە بە شێوەیەكی ئاسایی لە مانگەكانی یەكەم و دووەمی دووگیانیدا روودەدەن دەبنە ئەگەری دابەزینی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی لێدانەكانی دڵ، گرفتە هۆرمۆنییەكان وەكو نەخۆشی لە گلاندی تایرۆید و گلاندی ئەدرینالدا، كەمبوونی شلەی لەش لەبەر رشانەوە یان وەرزشی توند یان وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی كە میزكردن زیاد دەكەن Diuretics، هەڵسانی لەناكاو پاش پاڵكەوتن یان دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر Orthostatic Hypotension، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانەكانی دابەزاندنی پەستانی خوێن، ڤیاگرا، دەرمانە ئارامبەخشەكان، راوەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، كەمی فۆلیك ئەسید كە دەبێتە هۆی جۆرێكی كەم خوێنی، پیربوون لە هەندێك كەسدا بە تایبەتی ئەوانەی كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە زۆر جار لەپاش ژەمێكی خواردنی گەورەدا پەستانی خوێنیان بە كتوپڕی دادەبەزێت، هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن وەكو ئەوەی كە لە نەخۆشانی شەكرەدا بەدی دەكرێت.