گەلێك كەس زۆربەی ئیشەكان بەبێ بەكارهێنانی دەستكێش ئەنجام دەدەن، ئیشی ناو باخچە، چاككردنەوەی ئامێرەكان، پاككردنەوە، لێنانی چێشت... تاد، بەڵام تەڕبوونی بەردەوامی دەستەكان بە گیراوەكان و پاككەرەوەكانی وەكو تایت و سابوون بە خێرایی دەبنە ئەگەری قڵیشانی پێستی دەستەكان. پێستی قڵیشاو وەكو زەمینەی رووبارێكی وشك بە هۆی كەمی ئاوەوە روودەدات، لەو كاتەدا كە پێست ئاو ون دەكات ئەوا چەند چینێكی خانەكانی وشك دەبن. كەمی شێداری هۆكارێكی سەرەكییە بۆ وشكبوونی پێست كە رێگا خۆش دەكات بۆ قڵیشان، هەوای وشك وەكو هەوای بیابان تەڕێتی پێست هەڵدەمژێت و وشكی دەكات. گەرمكردنی ماڵەكان لە هەر كەشێكدا ئەتمۆسفیرێكی بیابانی لە ژوورەكاندا دروست دەكات و دەبێتە ئەگەری وشكبوونی پێست و قڵیشانی، بۆیە لە كەشی زستاندا قڵیشانی پێست دەبێتە گرفت. ماددە وروژێنەرەكانی پێست وەكو پاككەرەوەكان Detergents، بۆن و لۆشن، پۆلیشی لابردنی بۆیەی نینۆك وەكو ئەسیتۆن، بۆیەی دەرگا و دیوار، ئەمانە هەموویان ئەگەری قڵیشانی پێست زیاد دەكەن. نەخۆشی سەدەف، ئەكزیما، هەستەوەری دەبنە هۆی ئەستووربوون و وشكبوونی پێست و لە كۆتاییشدا قڵیشانی پێست.