گرنگیی ریشاڵی خۆراكی لە ژەمەكاندا

گرنگیی ریشاڵی  خۆراكی لە ژەمەكاندا
ریشاڵی خۆراكی Dietary fiber بەشێكی گرنگی خۆراكە كە لە رووەكەوە سەرچاوە دەگرێت، جۆری تواوە و نەتواوەی هەیە، ئەگەرچی ریشاڵ هەرس ناكرێت و وزە لەخۆناگرێت، بەڵام رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كرداری هەرسكردن و خۆپاراستن لە گەلێك نەخۆشی. ئەمە سەلمێنراوە كە خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیسیترۆل و كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، هەروەها جێگیركردنی پەستانی خوێن و كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی نۆرەی دڵ، لەگەڵ هاندانی هەرسكردنی خۆراك و رێكخستنی جوولەی ریخۆڵە و رێگرتن لە قەبزی، پاراستنی تەندروستیی دڵ، جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن و خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە، كەمكردنەوەی ئەگەری شێرپەنجەی كۆڵۆن، بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش دژی هەوكردنە میكرۆبییەكان بەوەی كە هانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لەناو كۆڵۆندا دەدات. سەرەڕای ئەم سوودانە، ریشاڵی خۆراكی گرنگی زۆری هەیە ب بەتایبەتی بۆ كەمكردنەوەی هەستكردن بە برسیبوون. پێویستی رۆژانە لە ریشاڵ بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 20-35 گرام، سەرچاوە خۆراكییەكان ئەمانەن: سەوزە و میوە، شوفان Oats، گەنمەشامی، نیسك، پاقلەمەنییەكان، گەنمی تەواو، كاكڵەكانی گوێز و باوی و كازو، تۆوەكان.
Top