خواردنەوەی تایگەر بۆنی دەمت ناخۆش دەكات

خواردنەوەی تایگەر بۆنی دەمت ناخۆش دەكات
خواردنەوە وزەبەخشەكان وەكو تایگەر Tiger یان رێدبول و جۆرەكانی تر ماددەی تۆرین Taurine لەخۆدەگرن كە جۆرێكی پرۆتینە لە ترشە ئەمین پێكهاتووە كە كانزای سولفەر لەخۆدەگرێت، ئەمەش هاوكات لەگەڵ ترشە ئەمینییەكانی سیستین Cysteine، میتیۆنین Methionine كە پاش تێكشكاندنیان لە لایەن بەكتریای رێڕەوەكانی هەرسدا دەبنە هۆی پەیدابوونی ئاوێتەی گۆگردی گازی كە بۆنێكی ناخۆشی لەگەڵ هەناسەدانەوەدا پەیدا دەكەن. هەمان كردار روودەدات پاش خواردنی برۆكۆلی، كەلەرم، پیاز، سیر. بێگومان جۆری خۆراك پەیوەندی بە بۆنی ناخۆشی دەمەوە هەیە، بەڵام گەلێك جاریش پەیوەندی نییە. لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نزیكەی 80- 90% ی حاڵەتەكانی بۆنی ناخۆشی دەم پەیوەندییان بە خۆراكەوە نییە، بەڵكو راستەوخۆ پێوەندییان بە كەموكوڕی لە پاكوخاوێنی دەمەوە هەیە، بۆ نموونە بڕی زیادی چینی سەر ددانەكان كە ناسراوە بە (پلەیك Plaque)، گەشەی رێژەیەكی زۆری بەكتریا لە بەشی پشتەوەی زماندا، نەخۆشی پوك و ددان،كولبوون و هەوكردنەكانی دەم. نەخۆشی جگەر، نەخۆشی گورچیلە، گرفتەكانی هەرسكردن 10-20% ی هۆكارەكانی تری بۆنی ناخۆشی دەم پێكدەهێنن. لێرەدا ئەمە بە روونی دەردەكەوێت كە هۆكاری خۆراكی رێژەیەكی زۆر بچووكی حاڵەتەكانی بۆنی ناخۆشی دەم پێكدێنێت.
Top