كوێرڕەنگی چــــــــــــییە؟

كوێرڕەنگی چــــــــــــییە؟
كوێرڕەنگی Color blindness واتە گرفت لە بینینی رەنگەكان كە بەگشتی 3 جۆری سەرەكی هەیە، كوێرڕەنگی سوورـ سەوز كە باوترینیانە، كوێرڕەنگی شین ـ زەرد، كوێرڕەنگی تەواوی رەنگەكان كە زۆر دەگمەنە. بەگشتی كوێرڕەنگی گرفتێكی زگماكییە، بەڵام تووشبووان خۆیان رادێنن و كوێرڕەنگی چالاكییەكانیان سنووردار ناكات. كوێرڕەنگی زیاتر دوچاری پیاو دەبێت، رێژەی تووشبوون دەگاتە نزیكەی 8% بە بەراورد لەگەڵ ئافرەت كە رێژەی تووشبوون دەگاتە یەك تووشبوو لە هەر 200 ئافرەتدا، زیاتر لە 250 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهان گرفتی كوێرڕەنگییان هەیە. زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكانی كوێرڕەنگی هۆكاری زگماكییان لەپاڵە بە هۆی جینی یان كرمۆسۆمی X كە لە دایك و باوكەوە دەگوازرێتەوە نەك كرمۆسۆمی Y، بۆیە زیاتر دوچاری پیاو دەبێت، دایك بە هەڵگری سەرەكی ئەم جینەی كوێرڕەنگی دادەنرێت، هۆكارەكانی تر بریتین لە: نەخۆشی درێژخایەنی وەكو نەخۆشی شەكرە، هەندێك جۆری نەخۆشی جگەر، نەخۆشی MS كە گرفتێكی درێژخایەنی كۆئەندانی دەمارە. تا ئێستا هیچ چارەسەرێكی ئەوتۆ لە ئارادا نییە بۆ كوێرڕەنگی، بەڵام بەكارهێنانی فلتەری رەنگ Color filters كە جۆرێكی هاوێنەی لكاوە لە هەندێك حاڵەتدا بەكاردێت بە مەبەستی زیادكردنی پڕشنگی نێوان چەند رەنگێك، بەڵام زۆربەی بەكارهێنەران ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمەش سوودێكی زۆری نییە. لەوانەیە كە لە داهاتوودا بە رێگای تەكنەلۆژیای جینی چارەسەر بۆ كوێرڕەنگی بدۆزرێتەوە.
Top