دابەزینی پەستانی خوێن Hypotensionتا رێژەی 9060 میللیمەتر جیوە یان كەمتر ئینجا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەكان. ئەگەر چی ئەم پێوەرە لە مرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت، بەڵام نیشانەكانی دابەزینی پەستانی خوێن وەكو یەكن كە بریتین لە: سەرسووڕان یان گێژبوون، كەوتن، گۆڕان لە فرمانەكانی مێشك وەكو شێوان و كەمبوونەوە و نەمانی تەركیز، پەستی، گۆڕان لە هەناسەوەرگرتندا بە شێوەی خێرابوون و تەنكبوونی هەناسەوەرگرتن، هێڵنج كە هەندێك جار رشانەوەی لەدوادێت، هەستكردنێكی كتوپڕ بە سەرما یان رەنگ زەردبوونێكی لەناكاو. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری دابەزینی پەستانی خوێن بریتین لە: گۆڕانە فسیۆلۆژیەكان كە بە شێوەیەكی ئاسایی لە مانگەكانی یەكەم و دووەمی دووگیانیدا روودەدەن دەبنە ئەگەری دابەزینی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی لێدانەكانی دڵ، گرفتە هۆرمۆنییەكان وەكو نەخۆشی لە گلاندی تایرۆید و گلاندی ئەدرینالدا، كەمبوونی شلەی لەش لەبەر رشانەوە یان وەرزشی توند یان وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی كە میزكردن زیاد دەكەن Diuretics، هەڵسانی لەناكاو پاش پاڵكەوتن یان دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر Orthostatic Hypotension، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانەكانی دابەزاندنی پەستانی خوێن، ڤیاگرا، دەرمانە ئارامبەخشەكان، راوەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، كەمی فۆلیك ئەسید كە دەبێتە هۆی جۆرێكی كەم خوێنی، پیربوون لە هەندێك كەسدا بە تایبەتی ئەوانەی كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە زۆر جار لەپاش ژەمێكی خواردنی گەورەدا پەستانی خوێنیان بە شێوەیەكی كتوپڕ دادەبەزێت، هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن وەكو ئەوەی كە لە نەخۆشانی شەكرەدا بەدی دەكرێت. لە یەكێكی تەندروستدا، دابەزنینی پەستانی خوێن كە هیچ نیشانەیەك پەیدا نەكات ئەوا نابێتە گرفت و پێویست بە چارەسەر ناكات، بەڵام لەكاتی سەرهەڵدانی نیشانەكان ئەوا پێویست بە چارەسەری پزیشكی دەكات. مەترسی دابەزنینی پەستانی خوێن لەوەدایە كە دەبێتە هۆی سەرسووڕان وكەوتن. دابەزنینی سەختتری پەستانی خوێن دەبێتە هۆی گرفت لە گەیشتنی خوێن بۆ مێشك و گورچیلە و ئەندامە گرنگەكانی تری لەش، ئەم حاڵەتە زیاتر لەكاتی هێدمەدا Shock روودەدات كە لەوانەیە مەترسی زۆر بخاتە سەر ژیان ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت.