قیمەی گۆشت Ground meat زۆر بە خێرایی خراپ دەبێت لەبەر ئەوەی كە وردكردنی گۆشت رووبەری گشتی گۆشت كە بەر هەوا، یان بەر ئۆكسجین دەكەوێت زیاتر دەبێت، لەوكاتەی كە ئۆكسجین یەكێكە لە فاكتەرە گرنگەكانی پێویست بۆ گەشەی بەكتریا كە دەبێتە هۆی ژاراویبوونی خۆراكی Food poisoning. پرۆتین كە بە رێژەیەكی بەرز لە گۆشتدایە فاكتەرێكی تری هاندەرە بۆ گەشەی بەكتریا، بۆیە گۆشت زووتر لە سەوزە و میوە تێكدەچێت و بەكتریا لەناویدا گەشە دەكات. هەروەها لەناو قیمەدا ژمارەیەكی زۆری بڵوقی بچووكی هەوا جێگایان بۆتەوە كە هەر یەكێكیان شوێنێكی گونجاوە بۆ گەشەی بەكتریا. كەچی ستیكی گۆشت توند و پتەوە، ناوەوەی هیچ ئۆكسجینی تێدانییە، بۆیە بەكتریا توانای نییە كە بە ئاسانی لەوێدا گەشەبكات، هەر لەبەر ئەمەیە كە دەتوانیت ستیكی گۆشتی خاو بۆ ماوەی 2 رۆژ لەناو سەلاجەدا هەڵبگریت. بەكتریا توانای گەشەكردنی تەنیا لەسەر رووی ستیكی گۆشتدا هەیە كە بە برژاندن یان كوڵاندن لەناودەچێت، لەوكاتەی كە گەرمی بەرزتر لە 70 پلەی سەدی چاڵاكانە بەكتریا لـــەنـــاودەبـــات. واباشە كە قیمەی گۆشت پاش كڕین راستەوخۆ بۆ خواردن ئامادەبكرێت یان تەنیا لەناو فریزەردا هەڵبگیرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.