لەیسیك Lasik یان چارەسەری چاو بە تیشكی لێزەر نەشتەرگەرییەكی چاوە كە شێوەی چینی كۆرنیا Cornea بۆ هەمیشە دەگۆڕێت بە مەبەستی باشتركردنی بینین لەجیاتی بەكارهێنانی چاویلكە، یان هاوێنەی لكاو. لەیسیك جێگرەوەیە بۆ چارەسەری كلاسیكی كورتبینی Myopia، دووربینی Hypermetropia یان ئەستیگماتزم بە چاویلكە یان بە هاوێنەی لكاو. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بینین چەند رۆژێك پاش نەشتەرگەری جێگیر دەبێت، بەڵام لە هەندێك كەسدا 3-6 مانگ درێژە دەكێشێت، هەندێك كەسی دیكە پێویتسییان بە دووبارە ئەنجامدانی نەشتەگەری دەبێت. ئەوانەی كە تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و چارەسەری لەیسیكیان بۆ كراوە، هێشتا پێویستیان بە بەكارهێنانی چاویلكەی پزیشكییەوە دەبێت. رێژەیەكی كەمی ئەو كەسانەی كە چارەسەری لەیسیك وەردەگرن دوچاری چەند گرفتێكی لابەلا دەبنەوە، هەندێك جاریش پێویستییان بە دووبارە چارەسەرەوە دەبێت لەبەر زیاد راستكردنەوە یان كەم راستكردنەوەی گرفتی بینین، لەوانەشە پێویستییان بە بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو Contact lenses یان چاویلكە بێت. زیانە لابەلاكانی نەشتەرگەری لەیسیك بریتین لە: هەوكردنی چینی كۆرنیای چاو، پەیدابوونی ئاسەواری هەمیشەیی لەسەر چینی كۆرنیا كە رێگر دەبێت لەبەردەم بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو، ناڕوونی لە بینیندا، وشكبوونی چاو، بنینی هێڵی رەنگاوڕەنگ Haloes لە دەوری گلۆپ و سەرچاوەی تری رووناكیدا، زیاد هەستیاربوونی چاو بە رووناكی، گرفتی بینین لەكاتی شەودا بەتایبەتی لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلدا، پەیدابوونی خاڵ یان پنتی سوور یان پەمبە لەسەر سپیاتی چاودا، كزبوونی بینین، هەستكردن بە زبربوونی رووی چاو Scratchiness.