بە پێی لێكۆڵینەوەكان 4 هۆكاری سەرەكی دەبنە هۆی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لەمانە: خۆراكی ناڕێك، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، جگەرەكێشان، كەم جوولانەوە و ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی. دەكرێ تا رێژەی 80% خۆمان لە تووشبوون بە زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان بپارێزین بەتایبەتی نەخۆشی دڵ، نەخۆشی شەكرە، جەلتەی مێشك. جینەكانمان(كرۆمۆسۆمەكان) هەڵگرن بۆ ئەو نەخۆشییانەی كە مەیلی زگماكییان هەیە، واتە لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵەكان دەگوازرێنەوە، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، قەڵەوی، نەخۆشی دڵ، بەڵام هەرگیز مەرج نییە كە لەكاتی بوونی مەیلی زگماكی بۆ یەكێك یان پتر لەم نەخۆشییانە، منداڵەكان لە كاتێكی تەمەنیاندا هەر تووشی ئەم نەخۆشییانە بن و نەتوانن كە خۆیان لە توشبوون بپارێزن، بە مانایەكی تر بوونی مەیلی زگماكی مانای ئەوە نییە كە نەوەكان چاوەڕێی تووشبوونێكی حەتمی بە نەخۆشییە درێژخایەنە زگماكییەكان بن، بەڵكو دەتوانن كە بە گەلێك رێگا لە كاتێكی گونجاودا تا رادەیەكی زۆر هەنگاوەكانی خۆپاراستن بگرنە بەر و رێگا لە تووشبوون بگرن. بە پێی رێنماییەكان، مەشقی وەرزشی مامناوەندی هەفتانە بە بەلای كەم بۆ ماوەی 150خولەك، یان مەشقی توندی هەوایی Aerobic هەفتانە بەلای كەم بۆ ماوەی 75خولەك ئامانجەكە دەپێكێت، بێگومان ئەگەر ماوەكە درێژ بكرێتەوە سوودی زیاتری دەبێت، هەروەها پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە و هاوسەنگ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، دووركەوتەنەوە لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول، چوار هەنگاوی زۆر گرنگن بۆ خۆپاراستن.