قاوە و چای رێژەیەكی بەرزی كافائین لەخۆدەگرن، كاریگەری ماددەی كافائین Caffeine تێكەڵ دەبێت لەگەڵ كاریگەری ماددەی ئەدینۆسین Adenosine كە لە شانەكانی مێشكدا دەردەدرێت كە رۆڵی هەیە لە ئارامبوونەوەدا. هەروەها كافائین دەبێتە ئەگەری تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن لە رێگای هاندانی گلاندی ئەدرینال بۆ زیاد دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol. ئەگەرچی كافائین ئاستی وزە بۆ ماوەیەكی كورت بەرزدەكاتەوە، بەڵام پاش راهاتن لەسەر خواردنەوە كافائینییەكان، كوپێكی مام ناوەندی ئەم ئەنجامە ناپێكێت بۆیە بڕێكی زیاتر دەخۆیتەوە و راهاتنەكەش قووڵتر دەبێت. وا باشە كە بڕی زۆری كافائین نەدرێتە منداڵان چونكە جگەری منداڵ توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ ماددەی كافائینیدا نییە، بۆیە ئەم ماددەیە بۆ ماوەی 5-4 رۆژ لە لەشیاندا دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خەوزڕان و ناڕحەتی. زیاد وەرگرتنی كافائین لە لایەن ئافرەتی دووگیاندا، لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا یان لەبارچوون و منداڵبوونی ناكام Premature. هەروەها خواردنەوە كافئینییەكان دەبنە هۆی: زەردبوونی ددان و ئەگەری كلۆربوونیان، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، كەمبوونەوەی خەو، گۆڕان لە پەستانی خوێن و لێدانەكانی دڵدا، زوو میزكردن، كەمكردنەوەی هەڵمژینی كانزاكانی ئاسن و زینك و كالسیۆم لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، B، C لە كۆئەندامی هەرسدا.