بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension باوترین نەخۆشی كۆئەندامی دڵ و سووڕانە، هۆكاری یەكەمە بۆ جەلتەی مێشك. ئەمە روونە كە فەرامۆشكردن و پابەند نەبوون بە پارێز و وەرگرتنی دەرمان بە ژەمی تەواو و لەكاتی خۆیدا ئاكامی مەترسیداری بۆ تەندروستی دەبێت، بە پێچەوانەشەوە پابەندبوون تووشبوو لە ئاڵۆزییەكان دەپارێزێت یان بەلای كەم ئاڵۆزییەكان(ئەگەر رووبدەن) بۆ چەند ساڵێك دوادەخات، بۆیە لە مانگی رەمەزاندا لەسەر تووشبووان پێویستە كە بە توندی پابەند بن بە پارێز و بەكارهێنانی دەرمانەكانیان لەو كاتانەی كە لەگەڵ رۆژووگرتندا دەگونجێت، بێگومان گۆڕینی كات و ژەمی دەرمانەكان لە مانگی رەمەزاندا تەنیا بە رێنمایی دكتۆر دەبێت. زیاد خواردنی سەوزە و میوە، لەگەڵ زیاد خواردنی شیرەی سروشتی میوە لەجیاتی ئاوی گازی و خواردنەوە گازدارەكانی تر كە رێژەیەكی بەرزی فۆسفۆر لەخۆدەگرن كە هاندەرە بۆ ونكردنی ئاو و كالسیۆم، ئەمەش زیان بە تووشبووان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەگەیەنێت. هەروەها پێویستە لەسەر ئەو رووژوانەی كە پەستانی بەرزی خوێنی هەیە، بە وردی سەرنجی پێكهاتەكانی خۆراكی جیاواز بدات بەتایبەتی رێژەی خوێ یان سۆدیۆم لە ژەمی پارشێو و فتاردا، بۆ نموونە دووركەوتنەوە لە ترشیات و خۆراكی قوتووبەند و ئەو خۆراكانەی كە خوێی شاراوە لەخۆدەگرن لەگەڵ كەمكردنەوەی چەوری و پاقلاوە و جۆرەكانی تری شیرینی. شیری كەم چەوری و ماست پێویستن بۆ دابینكردنی كالسیۆم كە گرنگی هەیە بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن، كاكڵەكانی گوێز و باوی و كازو بە بڕی بچووك سوودیان هەیە بۆ دابینكردنی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و ریشاڵ كە گرنگن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن. هەروەها كەمكردنەوەی قاوە و چای، لەگەڵ كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی دانیشتن بۆ هەر مەبەستێك.