یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكان بریتییە لە وەرگرتنی دوش بە زووترین كات پاش تەواوبوونی مەشقی وەرزشی بە ئاوێك كە پلەی گەرمییەكەی لە پلەی گەرمی لەش نزمتر بێت. دوشی گەرم لۆدی گەرمی لەسەر لەش زیاتر دەكات. دوش بە ئاوی سارد یان زۆر سارد تەنیا بە شێوەیەكی كاتی لەش فێنك دەكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی ئەو بۆڕییانەی خوێن كە نزیكن لە پێست، بەمەشەوە گەرمی لە ناوەوەی لەشدا قەتیس دەبێت و دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی ئارەقەكردنێكی زیاتر. لەپاش وەرگرتنی دوش، پێویستە كە جلی فراوان و رەنگ كاڵ لەبەر بكەیت بۆ هاندانی بەهەڵمبوونی ئارەقە. جلی لۆكەیی باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ئەم مەبەستە، چونكە رێگا لە بەهەڵمبوونی ئارەقە ناگرێت، بەمەشەوە لەش فێنك دەبێتەوە. دووركەوە لە بەكارهێنانی جێلی ئاسایی ستایلكردنی قژ، دەتوانیت جۆرێك بەكاربێنیت كە دژەشێداری Anti-humectant بێت كە ریگا لە كۆبوونەوەی شێداری زیاد لەسەر قژ بگرێت. ئەگەر هێشتا هەستت بە فێنكبوونەوە نەكرد و هێشتا ئارەقەكردن ناڕحەت دەكات بەتایبەتی پاش تێپەڕبوونی 20 خولەك بەسەر وەرگرتنی دوشدا، ئەوا پێویستە كە مەچەكەكانت فێنك بكەیتەوە بە دانە بەر ئاوی سارد، ئەمەش دەبێتە هۆی ونكردنی گەرمی لەش بە خێرایی چونكە لێرەدا بۆڕی خوێنی گەورە لە رووی پێستەو نزیكن. هەرگیز پێست بە هیچ كرێمێكی شێداركەرەوە Moisturizer یان كرێمی تر چەور مەكە راستەوخۆ پاش وەرگرتنی دوش، واباشترە كە بۆ ماوەی 30 خولەك چاوەڕێ بكەیت تاكو پلەی گەرمی لەش بە تەواوی جێگیر دەبێتەوە ئینجا دەتوانیت هەر جۆرێكی كرێم بۆ هەر بەشێكی لەش بەكاربێنیت.