كام پێوانەی پەستانی خوێن بە بەرز دادەنرێت؟

كام پێوانەی پەستانی خوێن بە بەرز دادەنرێت؟
ئەگەرچی لەگەڵ تەمەندا پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە، بەڵام پێوانەی ئاسایی بۆ هەموو تەمەنێك وەكو یەكە و پێویستە كە لە 120/80 ملم جیوە كەمتر بێت، بە مانایەكی دیكە ئەگەر لەم ژمارەیە بەرزتر بێت ئەوا بە حاڵەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هەژمار دەكرێت پێویستی بە دابەزاندن هەیە بە رێگاكانی: پارێز، گۆڕینی ستایلی ژیان، لەوانەشە كە پێویست بە بەكارهێنانی دەرمان بكات. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە پێوانەی پەستانی نێوان 120-140 لەسەر 80-90 ملم جیوە بە حاڵەتی پێش تووشبوون Prehypertension ناوزەد دەكرێت، چونكە ئەگەری بەزبوونەوەی زیاتر لە هەر ساتێكدا لە ئارادایە و هەمان مامەڵەی نەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی لەگەڵدا دەكرێت بۆ مەبەستی كۆنترۆلكردنی، هەروەها پێوانەی زیاتر لە 140/90 ملم جیوە بە جێگیربوونی یان دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە لە قەڵەم دەدرێت. بەهەرحاڵ، پێوانەی بەرزتر لە 120/80 ملم جیوە (یان هەتا ئەگەر ژمارەی سەرەوە یان ژمارەی خوارەوە تەنیا لەم پێوانەیە زیاتر بێت) لە هەرزەكار و پێگەیشتوو و بەساڵاچوواندا بە پەستانی بەرز هەژماردەكرێت و پێویستی بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك هەیە وەكو: كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، كەمكردنەوەی خوێ و چەورییەكان لە خۆراكی رۆژانەدا، دووركەوتنەوە لە ئەلكهول، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە، سەردانی دكتۆریش زۆر پێویستە. لە منداڵدا، دیاركردنی پێوانەیی ئاسایی پەستانی خوێن تا رادەیەك ئاڵۆزە و پەیوەستە بە تەمەن و قەبارەی منداڵ، پەستانی خوێن بە شێوەیەكی ئاسایی بە درێژایی تەمەنی منداڵی گۆڕانی بەسەردادێت، لە تەمەنی یەك ساڵیدا نزمیترین پێوانە پیشان دەدات، پاشان بەرە بەرە و ساڵ بە ساڵ بەرزدەبێتەوە.
Top