خواردنەوە زۆر گەرمەكان رەنگە ببنەهۆی شێرپەنجە
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، وادیارە پلەی گەرمی چا و قاوە، نەوەك پێكهاتەكەیان، پەیوەندی بە تووشبوون بە شێرپەنجەی سوورێنچك هەیە. پسپۆڕانیش دەڵێن مەترسییەكە لە پلەی گەرمی 65 پلەوە دەستپێدەكات.
ئەنجامە نوێیەكە دوای گەنگەشەكردنی زیاتر لە 1000 توێژینەوەی پێشوو هات كە بۆ پەیوەندی نێوان خواردنەوەی قاوە و تووشبوون بە شێرپەنجە ئەنجامدراون. پێداچوونەوەی توێژینەوەكانی پێشوو لەلایەن ئاژانسێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدراوە بەنێوی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە.
كریستۆفەر وایڵد، بەرپرسی ئاژانسەكە، دەڵێ "ئەنجامەكانمان دەریدەخەن خواردنەوەی زۆر گەرم رەنگە هۆكارێكی تووشبوون بە شێرپەنجەی سوورێنچك بێ. واتە ئەوەی رۆڵدەگێڕێ لە تووشبوون بە شێرپەنجەدا پلەی گەرمییەكەیە نەك پێكهاتەی خواردنەوەكە".
گوتەبێژێكیش بەنێوی ئاژانسەكەوە گوتوویەتی "توێژینەوەكان دەریدەخەن لە وڵاتانی چین، ئێران، توركیا و ئەمریكای باشوور كە خەڵكی چا و قاوە زۆر بە گەرمی (دەوروبەری 70 پلەی سەدی) دەخۆنەوە، پەیوەندی بینراوەتەوە لەنێوان تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچك و راددەی گەرمیی خواردنەوەكە".
گوتەبێژەكە گوتیشی "پلەی گەرمی خواردنەوە لە سەروو 65 پلەوە وەك هۆكارێك دیاریدەكرێ كە رەنگە ببێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە".
بڕیارە ئەمڕۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانیش لەبارەی مەترسی و سوودەكانی بەكارهێنانی خواردنەوە گەرمەكانی وەك قاوە راگەیێندراوی هەبێ.
روداو